ڤیدیۆ؛ ڤێردێربرێمەن لە بۆندێسلیگا مایەوە

رووداو - هەولێر

یانەی ڤێردێربرێمەن بە سوودوەرگرتن لە یاسای گۆڵکردن لە دەرەوی یاریگەی خۆی  لە بوندێسلیگا مایەوە، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی پلەی ئۆفدا 2 - 2 لەگەڵ ھێیدنھایم یەکسانبوو، کە لە یاری چوونیشدا بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.

لە یەکەم هێرشدا لە خولەکی 3 ڤێردێربرێمەن بووە خاوەن گۆڵی یەکەم، ئەویش بە یارمەتی نۆرمان تۆركۆفی یاریزانی ھێیدنھایم، کە بە هەڵە گۆڵەکەی لە تۆڕی تیپەکەی کرد.

یانەی خاوەن یاریگە تاوەکو خولەکی 85 چاوەڕێی کرد تاکو تيم كلايندينست گۆڵی یەکسانبوونی بۆی تۆمارکرد، بەڵام ئەو گۆڵە بەس نەبوو بۆ سەرکەوتن، لەبەرئەوە هەموو هەوڵێکی یاریزانەکانی بۆ ئەوەبوو گۆڵی دووەم تۆمار بکەن، بەڵام لۆدفيگ ئۆگوستينسونی یاریزانی ڤێردێربرێمەن لە خولەکی 4ـی کاتی زیادکراودا تووشی شۆکی کردن و گۆڵی دووەمی بۆ تیپەکەی بەدەستهێنا، کە خۆی و هاوڕێکانی شێتانە ئاهەنگیان گێڕا.

ئەگەرچی لە خولەکی 7ـی کاتی زیادکراودا تيم كلايندينست بە لێدانی سزا گۆڵی دووەم و یەکسانبوونی بۆ ھێیدنھایم بەدەستهێنا، بەڵام کاتەکە درەنگ بوو بۆ بەدەستهێنانی گۆڵی سەرکەوتن، لە ئەنجامدا مانەوە لە بوندسلێگا بووە بەشی ڤێردێربرێمەن، کە دوای تەواوبوونی یارییەکە یاریزانەکانی لەجیاتی راهێنەرەکەیان، کلاودیۆ پیزارۆی ئەفسانەی تەمەن 41 ساڵانی تیپەکەیان بەرزکردەوە.