لە بەرازیل.. یاسای 'ڤینیسیۆس' دژی رەگەزپەرستی دەرچوو


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ویلایەتی ریۆ دی جانیێرۆی بەرازیلی، پڕۆژەیاسای قەڵاچۆکردنی رەگەزپەرستی پەسندکرد، بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتە رەگەزپەرستییانەوەی کە ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵدا رووبەڕووی بووەوە.
 
ڤینیسیۆس لە دە یاریی یانەکەی لە وەرزی ئەمساڵدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی دروشمی رەگەزپەرستی بووەوە لەلایەن هاندەرانی یانە رکابەرەکانی ریال مەدرید. بەڵام سزای ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کرد لە پێبژاردنی 60 هەزار یۆرۆ و بێبەشکردن لە چوونە یاریگەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ، زیاتر نەبوون.
 
ڤینی لە یاریی یانەکەیدا بەرامبەر ڤالێنسیا، رۆژی 21ی مانگی پێنج، ناڕەزایەتی تووندی بەرامبەر هەڵسوکەوتی هاندەرانی ئەو یانەیە دەربڕی، دواتر دۆخەکە کاردانەوەی گەورەی لە ئیسپانیا و بەرازیل بەدواداهات و ئەستێرە گەورەکانی دونیا پشتگیریی ڤینییان کرد.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە کە یاسای تایبەتی بەرازیل بە قەڵاچۆکردنی رەگەزپەرستی، کە لەدوای رووداوەکانی یاریگەی مێستایاوە سەریهەڵدا، رەزامەندیی ئەنجوومەنی شاری ریۆ دی جانیێرۆی بەدەستهێنا.
 
لە دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنەکە، دەبێ کلاودیۆ کاسترۆ، پارێزگاری شارەکە، رەزامەندی لەسەر یاساکە بدات تاوەکو بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
بەپێی دەقەکانی یاساکە، لەگەڵ روودانی هەر کردەوە و هەڵسوکەوتێکی رەگەزپەرستی لە یاریگەدا، دەبێ یاریی رابگیرێ و ئەمە تەنیا بۆ تۆپی پێ نییە، بەڵکو بۆ هەموو وەرزشێکە.
 
یاسا نوێیەکە، هەروەها ئاسانکاریی دەکات بۆ قوربانییانی رەگەزپەرستی لە یاریگەکاندا، تاوەکو داوای مافی خۆیان بکەن و سکاڵا لەسەر سووکایەتییەکان تۆمار بکەن و قەرەبوو بکرێنەوە.
 
یاساکە هەروەها رێگەدەدات بە رێکخستنی هەڵمەتی دژە رەگەزپەرستی لە ماوەی پشووی نێو یارییەکاندا، بەمەبەستی لەناوبردنی ئەو هەڵسوکەوتە نامرۆڤانەیە.
 
ئەنجوومەنی شاری ریۆ دی جانیێرۆ، هاوکات خەڵاتی 'Tiradentes'ی بەخشییە ڤینیسیۆس کە بەرزترین میدالیای رێزلێنانی شارەکەیە، ئەمەش بەهۆی رۆڵی کاریگەری ئەو لە دژایەتیکردنی رەگەزپەرستی.
 
پێشتر وەزیری دادی بەرازیل، ڤیلاڤیۆ دینۆ، رایگەیاندبوو کە ئەگەر هەیە یاسای بەرازیلی تایبەت بە دژایەتیکردنی رەگەزپەرستی لە نێو ئیسپانیادا پەیڕەو بکرێت، بۆ راوەدوونانی سەرپێچیکاران و سزادانی ئەوانەی سووکایەتییان بە ڤینیسیۆس کردووە لەو وڵاتە.
 
لە دوای رووداوەکانی یاریگەی 'مێستایا' و راگەیاندنی سزاکانی سەر رەگەزپەرستەکان، وەزارەتی دەرەوەی بەرازیل، باڵیۆزی ئیسپانیای لە برازیلیا بانگکرد بۆ زانینی راستیی هەڵوێست و رووداوەکان و ئاگاداربوون لەو رێوشوێنانەی دژی دەستدرێژیکاران بۆ سەر ڤینیسیۆس گیراونەتە بەر.