"مەککە رۆڵی هەیە لە چوونی بنزیما بۆ خولی سعودی"

رووداو دیجیتاڵ

هێرڤی رێنار، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی سعودیە و ئێستای هەڵبژاردەی خانمانی فەرەنسا، پێیوایە شاری مەککە رۆڵی هەبووە لەوەی کەریم بنزیمای هێرشبەری فەرەنسی بچێتە ریزەکانی یانەی ئیتیحادی سعودی. گوتیشی "بنزیما لەبەرئەوەی نزیک دەبێت لە مەککە، زۆر دڵخۆش دەبێت. ئەو موسڵمانە، بۆیە لە سعودیە وا هەست دەکات کە لە ماڵی خۆیدا دەژیت".
 
راهێنەری فەرەنسی، ستایشی ژیان و گەشەسەندن و گۆڕانکارییەکانی لە شانشینی سعودیە کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەسەڵاتی وڵاتەکە بەتەواوی ئارەزووی گەیاندنی ئەم وێنەیەی بە جیهانی دەرەوە هەیە.
 
هێرڤی رێنار، کە مانگی ئازاری رابردوو دەستی لە مەشقەکانی هەڵبژاردەی سعودیە کێشایەوە بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی خانمانی فەرەنسا لەئەستۆ بگرێت، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کانال پڵەس سەبارەت بە گرێبەستکردنی کەریم بنزیما لەگەڵ یانەی ئیتیحادی سعودی، ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکیی مەککە لە جددە رۆڵی هەبووە لەوەی بنزیما وەک موسڵمانێک بە دەستەوارەی ئیتیحاد رازی ببێت.
 
رێنار، لە سەرەتای هەڤپەیڤینەکەدا گوتی "ژمارەی یاریزانە بیانییەکان لە خولی سعودیە لە 7 بۆ 8 بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەمە بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکە باش نییە".
 
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "ژیان لە سعودیە لە ساڵی 2017ـەوە گۆڕاوە، گۆڕانکارییەکی زۆر روویداوە و ئێستا خەڵکی ژیانێکی ئاسایی لەوێ دەژین، خولەکەی باشە، بەڵام بەراورد ناکرێت بە خولە ئەوروپییەکان، ئەوان دەیانەوێت وێنەی خۆیان باشتر بکەن. لەوانەیە ئەمڕۆ لەوێ رەخنە لە هەندێک شت بگرین، بەڵام وەرزش و میوانداریکردنی بۆنە جیهانییەکان رۆڵیان دەبێت لە گۆڕینی تێڕوانینی جیهان بۆ ئەوان".
 
رێنار، لە کۆتاییدا لەبارەی هێرشبەری پێشووی ریال مەدرید و ئێستای ئیتیحاد گوتی "نابێت لەبیرتان بچێت کە بنزیما موسڵمانە، ئەوە بۆ ئەو بڕوایە، لەبەرئەوەی نزیک دەبێت لە مەککە، زۆر دڵخۆش دەبێت. ئەو موسڵمانە، بۆیە لە سعودیە وا هەست دەکات کە لە ماڵی خۆیدا دەژیت". 
 
هەروەها گوتیشی "کەریم لە شاری جددە لە نزیک شاری مەککە دەژی. لەگەڵ یانەی ئیتیحاد یاری دەکات، کە وەرزێکی نایابی لەگەڵ نونۆ سانتۆ بەسەربرد، نازناوی خولەکەی بردووەتەوە، پیرۆزباییان لێدەکەم".