ئەستێرەیەکی دیکە بۆ یانەی ئیتیحاد

07-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی ئیتیحاد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای گواستنەوەی کەریم بنزیما، یانەی ئیتیحادی سعودی لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی دیکە نزیکدەبێتەوە و گفتوگۆکان لە قۆناخی کۆتاییدان.
 
شەوی سێشەممە یانەی ئیتیحاد بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی کەریم بنزیما، هێرشبەری فەرەنسیی تاوەکو ساڵی 2026 بۆ ریزەکانی راگەیاند، دوای ئەوە هەنگاوەکان بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی دیکە دەستیانپێکرد، بەڵام ئەمجارە لە پرێمەرلیگەوە.
 
بەپێی زۆرینەی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی سعودیە و بەریتانیا، بەرپرسانی یانەی ئیتیحاد و بەرپرسانی حکومەتی سعودیە لە لەندەن گفتوگۆیان لەگەڵ ئێنگۆلۆ کانتێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی چێڵسی دەکەن و دەیانەوێت هەرچی زووە ئەو یاریزانەش بگوازنەوە ریزەکانی.
 
ئیتیحاد ئەم وەرزە نازناوی خولی سعودیەی بردووەتەوە و بەشداری لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا و جامی جیهانی یانەکان دەکات، بۆیە دەیەوێت بەهێزەوە خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادەبکات.
 
بەپێی دوایین گۆڕانکارییەکان کانتێ دەچێتە یانە سعودییەکە، گفتوگۆی نێوان هەردوولا لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە، یانەکە گرێبەستێکی تاوەکو 2025 پێشکێشی ئەو یاریزانە کردووە و بۆ هەر وەرزێک ئامادەیە 100 ملیۆن یۆرۆ بداتە ئەو یاریزانەی چێڵسی.
 
یانە سعودییەکە راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ یاریزانەکە دەکات، چونکە گرێبەستەکەی لەم هاوینەدا کۆتاییدێت و دەبێتە یاریزانێکی ئازاد، دوای رازیبوونی یاریزانەکە بۆ تەواوکردنی رێکارەکان پەیوەندی بە یانەی چێڵسییەوە دەکات.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە