گواردیۆلا نایەوێت ئەمجارە نازناوی چامپیۆنزلیگ لەدەستبدات

07-06-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا مانچێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، گەشبینە بەوەی ئەمجارە تیپەکەی بتوانێت نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە و دەڵێت "دوو ساڵ پێش ئێستا کە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگمان دۆڕاند، جیاوازبوو لە ئێستا بەهۆی پەتای کۆرۆناووە". دەشڵێت "متمانەمان بەخۆمان هەیە، گەشبینم".
 
ئامادەکارییەکانی یانە مانچێستەر سیتی بۆ ئەنجامدانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەردەوامن، کە بڕیارە 10ـی ئەم مانگە لە ئیستەنبوڵ رووبەڕووی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی ببێتەوە.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، دووپاتیکردەوە کە خۆی و تیپەکەی لە دۆخێکی باشدان و گوتی "هەموو شتێک باشە، زۆر باشە، ئێمە خەون بە یارییەکەوە دەبینین و دوای دوو رۆژ گەشت دەکەین بۆ ئیستەنبوڵ، پێکەوە دەڕۆین و خەونێکە بۆ ئێمە لەم دۆخەدا بین".
 
پێپ قسەکانی زیاتر روونکردەوە و گوتی "دوو ساڵ پێش ئێستا لەو شوێنە بووین، بەڵام ئەوکات جیاوازبوو بەهۆی پەتای کۆرۆناوە". 
 
راهێنەرە ئیسپانییەکەی یانە ئینگلیزییەکە، لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا، گوتی "هەوڵدەدەین هەموو هەوڵێکمان بۆ بردنەوە بدەین، دەزانین کە ئەنجامی کۆتایی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە 95 خولەکەکەدا چی دەکەیت، پەیوەندی بە مێژووەوە نییە. ئەگەر پەیوەندی بە مێژووەوە هەبێت، تیپی باشتر لە ئێمە هەن، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە ماوەی 95 خولەکدا چی دەکەی. گرنگ نییە لە قۆناخی کۆمەڵەکان یان خول یان جامی یەکێتیی ئینگلتەرادا چیت کردووە، دەبێت ئێمە لەوان باشتر بین".
 
سبارەت بە هەواڵی پێکرانی کایل واکەری بەرگریکاریان لە مەشقەکاندا؟ گواردیۆلا گوتی "واکەر هەستی بەباشی نەدەکرد، ئێستا کەمێک باشترە، بەڵام نەماندەویست مەترسی لەسەر دروست بکەین، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەبینین چی روودەدات".
 
گواردیۆلا لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتی "ئەمە یاریی کۆتاییە بەرامبەر یەکێک لە تیپە بژاردەکان، دەبێت سەرکەوتن بەدەستبهێنین، متمانەمان بەخۆمان هەیە، گەشبینم، بەڵام لە هەمانکاتدا ناتوانم نکۆڵی لە سەختی و کوالیتی تیپی بەرامبەرمان بکەم. هەرگیز ئەوەم نەمکردووە، بەتایبەتی کاتێک باس لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەکرێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە