بەرازیل سوورە لەسەر هێنانی کارلۆ ئەنچیلۆتی

07-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچیلۆتی هەڵبژاردەی بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێدناڵدۆ رۆدریگێز، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، دووپاتیکردەوە تاوەکو ئەم ساتە، ئەوان ویستی گرێبەستکردن لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتییان هەیە بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیل.
 
رۆدریگێز، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد پاش ئەنجامدانی تیروپشکی جامی بەرازیل و گوتی "پلانی ئەی ئێمە وەک دەزانن کارلۆ ئەنچیلۆتیە، وەک لە یاری بۆکسێنیشدا دەڵێن، من تاوەکو ئێستا ئاڵای سپیم هەڵنەکردووە لەسەر ئەو پلانە".
 
سەرۆکی فیدراسیۆنە بەرازیلییەکە زیاتر ئاشکرایکردووە کە نیازی هەیە "زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە ئەوروپا ئەنجام بدات" لە چەند هەفتەی داهاتوودا بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر لەبارەی دەستنیشانکردنی راهێنەری هەڵبژاردەکە.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل لە دوای مۆندیالی 2022ی قەتەرەوە بێ راهێنەرە، پاشئەوەی تیتێی راهێنەر لە دوای کرانە دەرەوەی سیلیساو لە قۆناخی هەشتی مۆندیال، لەسەر دەستی هەڵبژاردەی کرواتیا، دەستی لە کارەکەی کێشایەوە.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، لە بایەخی ئەو دووپاتکردنەوانەی کەمکردەوە کە کارلۆ ئەنچیلۆتی هەموو جار ئاماژەی پێدەدات لەبارەی بەردەوامبوون لەگەڵ ریال مەدرید بۆ وەرزێکی دیکە و گوتی، "بەهۆی ئەو گرێبەستانەوەی کە بۆ کەسەکان دەچن، ئەو کەسانە بەوریاییەوە قسە دەکەن" لە کاتی لێدوانەکانیاندا.
 
ئێدناڵدۆ دووپات لەوە دەکاتەوە ئەگەر دوای کۆبوونەوەکانی لە ئەوروپا نەیتوانی پلانی ئەی جێبەجێ بکات، ئەوکات پەنا دەباتە بەر پلانی بی و بەرلە جێبەجێکردنی پلانی بی، رۆژنامەڤانان لە رووداوەکان ئاگادار دەکاتەوە.
 
لەبارەی پلانی بییەوە، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل دەڵێ چەندین ناو لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، لەوانەش ئابیل فێرێرا، راهێنەری یانەی پالمێراسی بەرازیلی. هەروەها جۆرجی جیسۆس راهێنەری یانەی فەنەرباهچەی تورکی و فێرناندۆ دینێزی راهێنەری یانەی فلۆمینێنسیی بەرازیلی.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، پێشتر دەستەوارەی داوەتە کارلۆ ئەنچیلۆتی بۆ مەشقدانی سیلساو، یاریزانە بەرازیلییەکانی هەڵبژاردەکەش، بەتایبەت ئەوانەی ئێستا لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی لە ریال مەدرید کاردەکەن، یان پێشتر کاریان لەگەڵدا کردووە، خۆشحاڵیی خۆیان بەوە دەربڕیووە ئەنچیلۆتی ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە