ڤیدیۆ؛ سعودییەکان نازناوی "پڵنگی نوێ"ـیان دایە کەریم بنزیما

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئیتیحاد، پاڵەوانی خولی پیشەگەری سعودیە، بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی لەگەڵ کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسی لە یانەی ریال مەدرید راگەیاند، کە تاوەکو هاوینی 2026 یاری بۆ دەکات.
 
یانە سعودییەکە، کلیپێکی ڤیدیۆیی بنزیمای لە تویتەر بڵاوکردەوە، کە تیشک دەخاتە سەر ژیانی وەرزشی و دەستکەوتەکانی یاریزانەکە. هەروەها تێیدا دەردەکەوێت کە یاریزانە فەرەنسییەکە گرێبەستەکەی واژۆ دەکات و درێسی یانە نوێیەکەی بەرزدەکاتەوە، کە ساڵی 2026ـی لەسەر نووسراوە.
 
پاڵەوانی سعودیە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی "بێنز ئیتیحادییە. بەختی ئەمشەو کەریمە". هەروەها نووسیویەتی "بەخێر بێیت بۆ ئیتیحاد. پڵنگێکی نوێ".
 
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا بنزیما بە زمانی عەرەبی دەڵێت "زۆر بە پەرۆشم بۆ بینینی ئێوە لە شاری جددە".
 
بنزیما، براوەی باڵۆن دۆری ساڵی رابردوو، دوێنێ لە رێوڕەسمێکی بچووک و تایبەتدا، بەبێ ئامادەبوونی هاندەران و میدیاکان، دوای بەسەربردنی 14 وەرز لەگەڵیدا، ماڵئاوایی لە یانەی ریال مەدرید کرد.
 
هێرشبەرە تەمەن 35 ساڵانەکە، بە رەزامەندی هەردوولا ریزەکانی یانە ئیسپانییەکەی بەجێهێشت، بۆ ئەوەی بچێتە یانەی ئیتیحادی سعودی، کە هەندێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە کەریم بۆ هەر وەرزێک زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەکات. هەندێکی دیکە باس لە 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەر وەرزێک دەکەن.
 
بنزیما لە ساڵی 2009 لە یانی ئۆڵیمپیک لیۆنی فەرەنسییەوە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد، و دوای ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ساڵی 2018 ریال مەدریدی جێهێشت و رووی لە یانەی یوڤێنتۆسی ئیتاڵی کرد، کەریم ئاستێکی بەرزی لەگەڵ ریال مەدرید پێشکێش کرد و بووە گۆڵکاری سەرەکی یانەکە.
 
کەریم بنزیما 354 گۆڵی لەگەڵ یانەی ریال تۆمارکردووە و لە لیستی باشترین گۆڵکارانی یانەکەدا بەدرێژایی مێژووی یانەکە لە پلەی دووەمدایە لەدوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
 
بنزیما باشترین وەرزی خۆی لە وەرزی 2021-2022 پێشکێشکرد و توانی 44 گۆڵ لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بۆ ریال مەدرید تۆماربکات، و سەرکردایەتی ریال مەدریدی کرد بۆ بردنەوەی چواردەمین نازناوی چامپیۆنزلیگ لە مێژووی مێرینگێدا. ئەمە جگە لەوەی نازناوی خولی ئیسپانیاشی بەدەستهێنا.
 
بەهۆی ئەمەوە بنزیما خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا و بووە یەکەم یاریزانی فەرەنسی کە ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنێت لەو کاتەوەی زینەدین زیدان لە ساڵی 1998 ئەو کارەی کرد، هەروەها پێنجەمین یاریزانی فەرەنسی بوو کە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ئەم دەستکەوتە بەدەستبهێنێت.
 
بنزیما دواتر شوێن کریستیانۆ رۆناڵدۆی هاوڕێی پێشووی لە یانەی ریال مەدرید کەوت، کە لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا رووی لە سعودیە کرد و بە گرێبەستێکی گەورە پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کرد، کە گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2025 درێژدەبێتەوە، مووچەی ساڵانەی 200 ملیۆن یۆرۆیە.
 
زۆر لە میدیاکان باس لەوەش دەکەن کە لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینیش ئەگەری هەیە بچێتە ریزەکانی یانەی هیلال سعودی، دوای ئەوەی رۆیشتنی لە پاریس سانجێرمان راگەیاند.