یاریزانێکی کوردی ئێزدی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند پەیوەندی بە هەڵبژاردەی عێراقەوە کرد

07-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رێبەر بابیر بۆرووسیا دۆرتموند
A+ A-

رووداو دیجیتال

رێبەر حوسنی بابیر، یاریزانی کوردی ئێزیدی یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی پەیوەندی بە مەشقەکانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراقەوە کرد.

رێبەر حوسنی بابیر، رۆژی یەکشەممە گەیشتە بەغدا بۆ ئەوەی بچێتە نێو مەشق و راهێنانەکای تیپی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی لە لایەنی راهێنەری تیپەکەوە بانگهێشتکرا.
 
رێبەر کوردێکی ئێزیدییە، لە 2ـی مانگی 8ـی 2005 لە قەزای شەنگالی باشووری کوردستان لەدایکبووە و ساڵی 2011 لەگەڵ خانەوادەکەی چوونەتە ئەڵمانیا و لە شاری بیلێفێڵد نیشتەجێبوونە.

عیماد محەممەد، راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، لەبارەی رێبەرەوە گوتی "رێبەر حوسنی دوای گەیشتنی بۆ بەغدا دەچێتە نێو کەمپە داخراوەکەی تیپەکەمان لە بەغدا و بەشداری لە مەشق و یارییە دۆستانەکانماندا دەکات بۆ ئەوەی هەلی ئەوەی هەبێت لەگەڵ یاریزانە هاوڕێکانیدا بگونجێت، پێش ئەوەی بەشداری لە پاڵەوانێتی عەرەبیدا بکەین".

ئەو راهێنەرە زیاتر گوتی "یاریزانە  پیشەگەرەکانی دیکەشمان دواتر دەگەنە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە کەمپی هەڵبژاردەی لاوان، کە لە 11ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاستی تەکنیکییان ببینین و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین وەک هەموو یاریزانانی تیپەکە، بۆ ئەوەی دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنین" .
 
رێبەر حوسنی، دڵخۆشیی خۆی نیشاندا بۆ نوێنەرایەتیکردنی عێراق و گوتی "هەموو شتێک دەکەم بۆ ئەوەی ستافی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە تواناکانم رازی بکەم، دمەوێت خزمەتی شێرەکانی رافیدەین بکەم لە پاڵەوانێتی عەرەبی لە میسر". 
 
هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بەشداریی لە پاڵەوانێتی لاوانی عەرەب بۆ تەمەن خوار 20 ساڵان دەکات، کە رۆژی 20ـی ئەم مانگه له میسر دەستپێدەکات و لە 6ـی مانگی 7ـی 2021 کۆتاییدێت، کە هەڵبژاردەی عێراق کەوتووەتە کۆمەڵی سێیەمەوە.

رێبەری تەمەن 16 ساڵ، پێشتر بۆ تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەی ئەرمینیا بیلێفێڵدی ئەڵمانی یارییدەکرد و دواتر چووە ریزەکانی بۆرووسیا دۆرتموند، کە ئێستا بۆ تیپی لاوانی ئەو یانەیە یاریی دەکات، ئەو کە لە هێڵی هێرشبردن یاری دەکات و کاپتنی تیپەکەیەتی، بە چوار زمان دەتوانێت قسەبکات، کوردی، عەرەبی، ئەڵمانی و ئینگلیزی.

رێبەر پێشتر لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، ئاشکرایکردووە کە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەستەوارەیەکی باشی پێشکەشکردووە و بەڵێنی پێداوە ئەرکی نێشتەجێکردن و خوێندنیشی لەئەستۆ بگرێت، بەڵام ئەو بۆرووسیا دۆرتموندی هەڵبژاردووە بەهۆی نزیکی ئەو شارە لە شاری بیلێفێڵد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە