روشتو باسی مێسی، رایکارد و رۆناڵدۆی دیاردە دەکات

رووداو - هەولێر

روشتو ریشبەری گۆڵپارێزی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە پاش چاکبوونەوەی لە نەخۆشی کۆرۆنا، قسەی بۆ میدیاکان کردووە و باس لەو رۆژانە دەکات کە بۆ یانەی بارسێلۆنا یاریکردووە، ئەو هێرشی زۆر دەکاتە سەر فرانک رایکاردی راهێنەری پێشووتری یانەی بارسێلۆنا.

روشتو لە مۆندیالی 2002 لەگەڵ هەڵبژاردەی تورکیا بەئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و ئەوە وایکرد یانەی بارسێلۆنا گرێبەستی لەگەڵدا بکات، بەڵام هەر زوو ئەو یانەیەی بەجێهشێت.

روشتو دەڵێ لە دوای مۆندیال، دەستەوارەی یانەکانی مانچێستەر یونایتد و ئارسیناڵم پێگەیشتبوو، رێکەوتنی سەرەتاییشم هەبوو لەگەڵیاندا، بەڵام کاتێک دەستەوارەکەی بارسێلۆنام پێگەیشت، ئەوانیدیکەم رەتکردەوە چونکە بارسێلۆنا تیمی منداڵیمە.

لەبارەی نەخۆشکەوتنی بەکۆرۆنا، روشتو دەڵێ لە قوڕگمدا هەستم بەئازار دەکرد، تا و ئازاری پشتم هەبوو، دواتر سەرئێشەی بەهێز و لەدەستدانی توانای بۆنکردن و تام، ئەوە وایکرد رووبکەمە نەخۆشخانە.

گۆڵپارێزە تورکەکە گلەیی لە فرانک رایکاردی راهێنەری ئەوکاتی بارسێلۆنا دەکات و دەڵێ ئەو بێئومێدی کردم، دادپەروەرنەبوو لەگەڵم، پێیگوتم پێش دەستپێکردنی خول رێگەم نادات یاری بکەم و ئەوە منی دووچاری کێشە کرد، بۆیە بڕیارمدا لە بارسێلۆنا بڕۆم.

لە بەرامبەر رایکارددا، روشتو پەسنی تواناکانی فاتح تریمی راهێنەری تورکی دەکات و دەڵێ ئەو رۆڵی گەورەی هەبوو لەوەی من پێیگەیشتم، تریم دەستکەوتێکی مەزنی تۆپی پێی وڵاتەکەی منە.

لەبارەی مێسییەوە روشتو دەڵێ ئێستاش هاوڕێین، هەرکاتێک بچمە بارسێلۆنا پێکەوە دادەنیشین، ئەوکاتەی لە بارسابووین پێکەوە، ئەو هێشتا نەهاتبووە تیمی یەکەمی یانەکە، بەڵام دواتر دەریخست ئەو یاریزانێکی مەزنە.

رۆناڵدۆی دیارە ئەو یاریزانەیە کە روشتو بەباشترین ناویبردووە، لەوبارەیەوە دەڵێ مەترسیدارترین یاریزان بوو کە رووبەڕووی بوومەوە، یاریزانێکی ناوازە و بێهاوتا بوو، شایستەی ئەوەبوو ناوبنرێت دیاردە.