بیر لە یۆرگن کڵۆپ مەکەنەوە

07-06-2019
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
نیشانەکردن شرۆڤە
A+ A-

یۆرگن کڵۆپ بە چەشنی هەر راهێنەرێکی خاوەن خەون و ئامانج، دەیەوێت گەشتێکی فراوان بەنێو جیهانی راهێنەری بکات، بەڵام هەر یەکە و بە شێوازی خۆی، بۆ نموونە کڵۆپ شەیدای ئەو یانانەیە کە ماوەیەکی زۆر تووینی بەدەستهێنانی نازناون و هەر ساڵە و بە هۆکارێک هاندەری ئەو تیپە، دووچاری نائومێدیی دەبێت، بێگومان هۆکارەکەش ئەنجامی کۆتایی وەرزەکەیە. رەنگە ئەزموونی کارکردنی لە بۆڕووسیا دۆرتمۆند، سەرەتای گەشتێکی درێژی ئەزموونی راهێنەریی کڵۆپ بێت، وەک دەبینین لێکچوونی زۆر لەنێوان سەرەتای دەستبەکاربوونی کڵۆپ لە دۆرتمۆند و سەرەتای دەستبەکاربوونی کڵۆپ لە لیڤەرپووڵ بەدی دەکرێت و دۆخی لێکچووی زۆر کە کڵۆپ ئارەزووی دەکات.
Image result for jurgen klopp mural
 خرۆشان و هەیەجانی هاندەرانی هەردوو یانە، وەفاداریی هاندەران، دابڕانیان لە کێبڕکێی ناوخۆی و ئەوروپی. گۆڕینی تەماحی کاربەدەستدانی هەردوو یانە و گۆڕینی یانەیەکی خاوەن مێژوو، بۆ یانەیەکی بێ ئامانجی بێ بەرهەم لە رووی مەعنەوییەوە و بەرهەمدار لە چۆنییەتی پڕکردنی قاسەی یانەکە لە پارەی ریکلام و داهاتی ساڵانەی پەخشی یارییەکان و درێس و بلیتی چوونەژوورەوەی هاندەران و فرۆشتنی ئەستێرەی ژمارە یەکی یانەکە، واتە لە قۆناخێکدا هەردوو یانە زیاتر بەرگی مارکێتێکی وەرزشییان پۆشیبوو. چاوەڕوانیی هاندەر و مێدیا لە سەرکەوتنی هەردوو یانە لێکچوونێکی دیکەی نێوان هەردوو یانەیە. بابەتی سۆز و خۆشەویستی و ئەمەکداریی لێکچوونی نێوان هاندەرانی هەردوو یانەیە. لێکنزیکی یاریزان و هاندەرانیش، خاڵێکی دیکەی لێکچووی نێوان دۆرتمۆند و لیڤەرپوولە.

Image result for JURGEN KLOPP

 لە دۆرتمۆند هەر ساڵە و ئەستێرەیەک لە نائومێیدا سەری خۆی هەڵدەگرت، بەجۆرێک لە سەردەمی کڵۆپیشدا بەر بەم سیاسەتە نەگیرا، بە هەمان شێوە لیڤەرپوول، هەر ساڵە و ئەستێرەیەکی خاوەن ئامانجی گەورەی لەدەست دەدا، کە تووشی وەڕسیی بووبوون، بەرگەی ستایشی هاندەری وەفاداریان نەدەگرت لە بەرامبەر نەبوونی ئەنجامدا. بۆ نموونە سوارێز، ستێرلینگ، کۆوتینهۆ ئەستێرە رۆیشتووەکانی لیڤەرپوول بوون لە نائومێدیدا..

 ئەو هەموو خاڵەم بۆیە ڕیز کرد، تاوەکو تێبگەین کە کڵۆپ دەیەوێت لە چ ژینگەیەکدا کار بکات، کێی لە کوێ دەوێ، مەبەستم یانە و شوێنە. ئەگەر بە لۆژیک بیر لە داهاتووی کڵۆپ بکەینەوە، گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا، جۆرێکە لە پایدەرلێدان بۆ دواوە، بیرمان نەچێت ئێستاشی لەگەڵ بێت، دۆرتمۆند سەرکەوتنەکانی کڵۆپ بە سەرکەوتنی خۆی هەژمار دەکات و وەک پارچەیەک لە لاشەیەکی دابڕاو لە دۆرتمۆند وێنای دەکەن، واتە ئێستاشی لەگەڵ بێت هاندەران و یانەی دۆرتمۆند، کڵۆپیان لە هەر راهێنەرێکی دیکەی یانەکە خۆشتر دەوێت، ئەمەش ئاستەنگی بەردەم خواستی بەدەستهێنانی ئەم راهێنەرەیە بۆ بایرن میونشن کە نەیاری سەرسەختی دۆرتمۆندە. رەنگە بۆ کڵۆپ ئاسان نەبێت وەک راهێنەری بایرن، لە سیگیناڵ ئیدۆنا پارک هەول بۆ لەگۆڕنانی خەونەکانی دۆرتمۆند بدات. 

Image result for JURGEN KLOPP

ئەو بوودجەیەی لیڤەر دەیخاتە بەردەم کڵۆپ، ئاسان نییە هەمان ئۆفەر لە میونشن پێشکەشی بکرێت، بۆیە ئەو دۆرتمۆندی لەپێناو یانەیەکی گەورەتر جێهێشت، بۆنزلیگەی لەپێناو خولێکی بەهێزتری وەکو پرێمەلیگ جێهێشت، ئەمەش پێماندەڵێ خەونەکەی میونشن لە وەهمەوە نزکترە، وەک لە راستی. دوای سێ ساڵ و نیو، ئێستا سەرەتای چنینەوەی نازناوەکانە لەگەڵ یانەی لیڤەر، بۆیە دەنگۆی جێهیشتنی لیڤەرپوول بۆ کڵۆپ، ئەگەرێکی دوورە. ئەگەر لە دۆرتمۆند زیاد لە پاساوێکی بۆ ماڵئاواییکردن هەبووبێت، یان لە دوو وەرزی سەرەتای کارکردنی لەگەڵ لیڤەر بەهەمان توونێلی تاریکدا تێپەڕ بووبێت، ئەوە ئێستا ئەوسەری توونێلەکەی لێ دیارە و رووناکی دەبینێت، ئەوش بە گۆڕانکاری ریشەیی و گرێبەستی گرانبەها ئەو گۆڕانە روویدا، تیپێکی هێندە تۆکمە و بەهێزی دروست کردووە، بۆ هیچ لایەکیان (ئیدارە و راهێنەر)، ئاسان نییە دەستبەرداری یەکدی ببن. هەمیشەش وابووە، ئەوانەی خەونی گەورەیان هەیە، بیر لە گەیشتن بە لووتکە دەکەنەوە. 

Image result for jurgen klopp fans

رەنگە رۆژانێک خەونی هەرە گەورەی کڵۆپ ئەوەبێت کە ئەرکی راهێنەری بایرن لەئەستۆ بگرێت، بەتایبەت ئەوکاتەی یانەی ماینزی ئەڵمانی جێهێشت، بەڵام دوای ئەو هەموو ساڵە، نە بایرن هێندەی رابردوو مەزنە و نە کڵۆپیش وەکو رابردوو خاوەن خەونی بچووکە، واتە کڵۆپ ئەو قۆناخەی تێپەڕاند، کە خەون بە راهێنەریی بایرن میونشنەوە ببینێت، بەڵکو ئەوە بەرپرسانی بایرن میونشنە خەونی مەحاڵ بە گواستنەوەی کڵۆپەوە دەبینن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە