کچێکی مهابادی لە پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی بووە پاڵەوانی ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ

کچێکی خەڵکی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی شەرارە ئەحمەدنەژاد، لە پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی ئێران 3 میدالیای زێڕی بردەوە و بووە پاڵەوانی ئێران.
 
پێشبڕکێی پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی کچانی ئێران، لە رۆژی یەکشەممە 5ی گوڵانی 2024ەوە لە شاری هەمەدان لە رۆژئاوای ئێران دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ سێشەممە 7ی گوڵان کۆتایی پێدێت.
 
بەپێی زانیارییەکان، شەرارە ئەحمەدنەژاد، کچە وەرزشڤانی مهابادی، رۆژی دووشەممە لە کێشی 49 کیلۆگرام بەشداریی لە کێبڕکێیەکەدا کرد و توانی لە بەرزکردنەوەی راستەوخۆدا 55 کیلۆگرام، لە بەرزکردنەوەی ناڕاستەوخۆدا 60 کیلۆگرام بەرز بکاتەوە و پلەی یەکەم بەدەست بهێنێ. هەروەها لە کۆی گشتیی بەرزکردنەوەی قورساییشدا بە تۆمارکردنی ریکۆردی 115 کیلۆگرام بووە یەکەم لەسەر ئاستی ئێران و هەر سێ میدالیای زێڕی ئەو کێشەی بەدەستهێنا.
 
بەم شێوەیە، شەرارە ئەحمەدنەژاد لە کێشی 49 کیلۆگرامدا لەسەر ئاستی ئێران بووە پاڵەوانی کچانی ئەو وڵاتە.
 
لە پێشبڕکێیەکەدا 120 وەرزشڤانی کچ لە 29 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشدار بوون و 40 راهێنەر سەرپەرشتیی وەرزشڤانەکانیان دەکرد.
 
ساڵی پاریش، ئەو کچە وەرزشڤانە مهابادییە لە پێشبڕکێی پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی ئێراندا کە لە شاری ئەردەبیل لە باکووری رۆژئاوای ئێران بەڕێوەچوو، میدالیای زێڕی بردەوە و بووە پاڵەوان.
 
شەرارە ئەحمەدنەژاد کچی تاها ئەحمەدنەژاد و خوشکی ئەحمەد ئەحمەدنەژاد، دوو وەرزشڤانی دیاری بەرزکردنەوەی قورسایی شاری مهابادە. براکەی، ئەحمەد ئەحمەدنەژاد، لە پێشبڕکێیەکانی بەرزکردنەوەی قورسایی ئاسیا، چەندین میدالیای زیو و برۆنزی بردەوە.