یانەیەکی بەنێوبانگی ئیتاڵیا چاودێری عەلی جاسم دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەیەکی بەنێوبانگی ئیتاڵی کە لە سێریا ئا یاریی دەکات، چاودێریی عەلی جاسم، ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەی عێراق دەکات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.
 
بەپێی هەواڵی چەند ماڵپەرێکی عێراقی، یانەی جێنەوای ئیتاڵی چاودێری تواناکانی عەلی جاسم، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی قوە جەوییە دەکات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات و سوود لە تواناکانی ببینێت.
 
عەلی جاسم، ئێستا یەکێک لە دیارترین ئەستێرە لاوەکانی تۆپی پێی عێراقە، لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق و هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرکردایەتیی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ گەیشتن بە رکابەرییەکانی تۆپی پێ لە ئۆڵیمپیادی پاریس.
 
هێرشبەرەکەی یانەی جەوییە لە جامی ئاسیای خوار 23 ساڵاندا، ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد و بە تۆمارکردنی 4 گۆڵ بووە گۆڵکاری جامی ئاسیا، بەمەش یاریزانەکە سەرنجێکی زیاتری بۆ خۆی راکێشا.
 
پێشتر عەلی جاسم، لەبارەی ئەگەری چوونی بۆ یانەیەک لەسەر ئاستی ئەوروپاوە گوتبووی "دەمەوێت لە داهاتوودا بۆ یانەیەکی گەورە یاری بکەم، لەسەر ئاستی ئاسیاش ئەگەر لە جەوییە بڕۆم، دەمەوێت بچمە خولی سعودیە."
 
عەلی جاسم، ئێستا تەمەنی 20 ساڵە، پێشتر نزیکبوو بچێتە یانەی خێنتی بەلجیکی، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا یاریزانەکە بڕیارییدا نەچێتە ئەو یانەیە و پەیوەندیی بە یانەی ئانتالیاسپۆری تورکییەوە کرد، لەو یانەیەشدا دوای چەند رۆژێکی کەم لە گرێبەستکردن لەگەڵ یانەکە، یاریزانەکە بە رێککەوتن لەگەڵ ئەو یانەیە گرێبەستەکەی هەڵوەشاندنەوە و گەڕایەوە یانەی جەوییە.
 
پێشتر خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی ئاستی ئەو یاریزانەوە گوتبووی "عەلی جاسم، خاوەنی بەهرەیەکی سەرنجڕاکێشە و دەتوانێت لە خولی ئیسپانیا یاری بکات."