کارلۆ ئەنچێلۆتی: ئێمە و بایرن دوو مەترسیدارترین تیپی ئەوروپاین

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دووپاتیکردەوە کە سبەی بەرامبەر بایرن میونشن یاری بە لونینی گۆڵپارێز دەکات نەک تیبۆ کۆرتوا. راهێنەری مێرینگێ لاری نەبوو لەوەی یارییەکەش بە 'کلاسیکۆی ئەوروپا' ناوببرێت.
 
سبەی یانەی ریال مەدرید، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید، میوانداریی یانەی بایرن موینشنی ئەڵمانی دەکات، کە یاریی چوون لە ئەلیانز ئارێنا لە میونشن بە یەکەسانبوون بە ئەنجامی 2-2 کۆتاییهات.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەرەتا بە قسەکردن لەسەر گۆڵپارێزەکانی دەستیپێکرد و گوتی "سبەی لونین بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات، کۆرتوا گۆڵپارێزێکی زۆر باشە، بەڵام دوای پێکانەکەی پێویستی بە کات هەیە".
 
کاتێک پرسیاریان لێکرد، ئەو یارییە کلاسیکۆی ئەوروپایە؟ ئەنچێلۆتی لە وەڵامدا گوتی "کلاسیکۆی ئەوروپا؟ هەردوو یانە دوو یانەی هاوشێوەن، زۆر نەریتی هاوشێوە لە نێوانیاندا هەیە، زۆر رێز لە یەکدی دەگرن".
 
ئەو زیاتر باسی بایرن میونشنی کرد و دووپاتیکردەوە "بایرن تیپێکی هاوشێوەی ریال مەدریدە، ئێمە دوو مەترسیدارترین تیپی ئەوروپاین لە رووی گۆڕانکارییەوە".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی یانەی شاهانە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە سبەی دەبێت هەموو هەوڵێکیان بدەن، چونکە چانسیان هەیە جارێکی دیکە یارییەکی کۆتایی دیکە بکەنەوە و گوتی "دەزانین کە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ زۆر قورسە، بەڵام ئێمە زۆر دڵخۆشین و ئامادەین بۆ یارییەکە".
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، لە بەشێکی قسەکانیدا باسی ریال مەدریدی 2014ـی کرد و گوتی "ئەو تیپەی لە ساڵی 2014 نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا تاوەکو ئێستاش لێرە رۆڵی هەیە و یارمەتی لاوان دەدەن".
 
ئەو جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە متمانەیەکی زۆری بە تیپەکەی هەیە و گوتی "چونکە ئێمە ریال مەدریدین متمانەم بە تیپەکەم هەیە. من باشترین تیپم هەیە، تیپەکەم لەم وەرزەدا ئاستێکی زۆر باشی پێشکێش کردووە، هاندەران سەرسوڕهێنەر بوون و ئێستا کاتی چێژوەرگرتنە".
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، باسی هەردوو یاریزانە قاڵەکەی یانەکەیشی، لوکا مۆدریچ و تۆنی کرۆس کرد و گوتی "هەردووکیان دەتوانن پێکەوە یاری بکەن، ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ئەوان لەگەڵمانن".