چاوەڕواننەکراو.. یانەیەکی تازەسەرکەوتوو داوای مۆرینیۆ دەکات

07-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەیەکی تازەسەرکەوتووی خولی تۆپی پێی سعودیە، بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالی دەکاتەوە، کە ئێستا بێ یانەیە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی سعودیە دەڵێن، مۆرینیۆ یەکێک لەو بژاردە بەهێزانەیە کە یانەی قادسیەی سعودی، دوای گەڕانەوەی بۆ خولی پیشەگەرەکان دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ واژۆبکات.
 
یانەی قادسیەی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆیە، یەکێکە لە یانە بەهێز و بەنێوبانگەکانی سعودیە و دەیەوێت بۆ وەرزی نوێ پاڵپشتییەکی زیاتری هەبێت و بە دەستەیەکی هونەری زۆرباشەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێ.
 
لەو کاتەوەی جۆزێ مۆرینیۆ، لە یانەی رۆما رۆیشتووە بێ یانەیە و زیاتر لە جارێک ناوی بە تۆپی پێی سعودیە بەستراوەتەوە، راهێنەرەکەش چەندجارێک سەرسامی خۆی بە بەرەوپێشچوونی تۆپی پێی ئەو وڵاتە پێشانداوە.
 
پێشتر سعودیە هەوڵیدابوو، مۆرینیۆ بکاتە راهێنەری هەڵبژاردەکەی، بەڵام ئەو وەرگرتنی ئەو تیپەی رەتکردەوە، هەرچەند بیرۆکەی کارکردنی لە سعودیە هەیە و پێشتر گوتبووی رۆژێک لە رۆژان لە سعودیە وەکو راهێنەر کاردەکەم.
 
ماڵپەری تۆک سپۆرتی ئینگلیزی دەڵێت "چاوەڕواندەکرێت مۆرینیۆ لە کۆتایی ئەم مانگە بچێتە شاری خوبەر، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سەردانی ئەو یانەیە بکات، بۆ ئەوەی ژێرخانی وەرزشی یانەکە ببینێت و گفتوگۆ لەبارەی وردەکارییەکانی گرێبەستەکە بکەن."
 
مۆرینیۆ خاوەنی ئەزموونێکی زۆر گەورەیە لە کاروانی راهێنەرایەتیکردندا، پێشتر لە پۆرتۆ، ریال مەدرید، مانچێستەر یونایتد، ئینتەرمیلان، چێڵسی، تۆتێنهام و رۆما کاریکردووە و ئەگەری هەیە کاروانی داهاتووی کارکردنی لە خولی سعودی بێت.
 
یانەی قادسیە لە خولی پلە یەکی سعودیە، سێ گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولەکە، بەجیاوازیی 10 خاڵ لەگەڵ خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەند، پێشەنگی خولەکەی گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە