ئەمشەو چامپیۆنزلیگ لە پاریس گڕدەگرێت

رووداو دیجیتاڵ

لەپێناو دووەمجار گەیشتنەوە بەیاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و هەنگاوێکی دیکە نزیکبوونەوە لە خەونی مێژوویی هاندەرەکانی، پاریس سانجێرمان لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەکات و هەموو ئومێدی تێپەڕاندنی ئەم قۆناخەیە.
 
سانجێرمان کە لە یاریی چووندا بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاوە، پێویستی بەپێشاندانی توانایەکی گەورە هەیە بۆ بردنەوەی یارییەکە و سەرکەوتن بەسەر رکابەرە ئەڵمانییەکەیدا. سانجێرمان خۆی لەبەردەم دەروازەیەکی مێژووییدا دەبینێتەوە، چاوی لەوەیە هاندەرەکانی ئەمشەو بەتووندی لە پشتی بن.
 
سانجێرمان ئەگەرچی تاوەکو ئێستا بەیانەیەکی خاوەن یاریگەیەکی تۆقێنەر دانانرێت، بەڵام یانەکە بەدرێژایی یارییەکانی خۆی لە وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگدا، تەنیا یەک یاریی لە یاریگەی خۆیدا دۆڕاندووە کە بەرامبەر بارسێلۆنای ئیسپانی بووە لە قۆناخی هەشت، هەربۆیە یانەکە دەیەوێت ئەوپەڕی سوود لە کەشی باخچەی شازادەکان وەربگرێت، تاوەکو بەئامانجە گەورەکەی بگات کە گەیشتنەوەیە بەیاریی کۆتایی.
 
مارکینیۆس، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان، لەبارەی ئەو یارییەوە دەڵێت "پێموایە ئێمە لە بایەخی ئەوە تێدەگەین کە دەبێ بەهەموو وزەی خۆمانەوە لەسەر یاریگەی خۆمان و لە بەرامبەر هاندەرەکانمان دەربکەوین. پێموایە ئەوە هۆکاری متمانەبەخۆبوونە گەورەکەمانە لەبارەی یارییەکەوە. ئێمە دەزانین توانای هاندەرەکانمان چەندە لەبابەتی کاریگەری دروستکردن بۆ گۆڕینی ئاراستەی یارییەکە لە رێگەی گۆرانییەکانیان و ئەو جۆشوخرۆشەی بەر لە یارییەکە دروستیدەکەن، هەر بۆیە ئێمە بەزیندووێتی و پاڵنەری زۆرەوە یارییەکە ئەنجامدەدەین".
 
پاریس سانجێرمان لە یاریی چووندا لە نێو سیگناڵ ئیدۆنا پارک، لە باشترین ئاستی خۆیدا دەرنەکەوت، تەنانەت تیپەکە نزیکبوو لەوەی گۆڵی دووەم و سێیەمیشی لێبکرێت، ئەگەر پەلەپەلی هێرشبەرەکانی دۆرتمۆند نەبووایە، لە یارییەکەی ئەمشەودا، بەرگریکەرەکانی یانەکە جارێکی دیکە دەکەونەوە بەردەم تاقیکردنەوەی قورس لە بەرامبەر هێرشبەرە خێراکانی دۆرتمۆند و یاریینەکردنی لوکاس هێرناندێز و بێمتمانەیی لویس ئینریکێی راهێنەر بە تواناکانی شکرینیار، هێڵی بەرگریی سانجێرمان زیاتر شپرزە دەکات.
 
سانجێرمان لە یارییەکەدا پێویستی بەدەرکەوتنی کیلیان ئێمباپێ بەئاستێکی باشەوە دەبێت. ئەو ئەستێرەیە ئەگەرچی متمانەی بەپەڕینەوەی تیپەکەی بۆ یاریی کۆتایی هەیە، بەڵام لە یاریی چووندا ئاستی ئەو، یەکێکبوو لە خاڵە لاوازەکانی تیپەکە.
 
سانجێرمان لە یاریی چووندا بێتوانایی زۆری لە هێڵی پێشەوە پێشاندا، بۆ یارییەکەی ئەمشەو، وزەی زیاد لەپێویستی کیلیان و گەڕانەوەی عوسمان دێمبلی بۆ درەوشانەوە پێویستە تاوەکو بەرلەوەی ریزەکانی ئەو یانەیە بەجێبهێڵێت، تیپەکە بباتە سەر سەکۆی نازناوە مێژووییەکە.
 
بۆرووسیا دۆرتمۆند کە دەتوانێت وەبەرهێنان لە سەرکەوتنە لەرزۆکەکەی لە یاریی چووندا بکات، خەون بەگەیشتنەوە بەفایناڵی چامپیۆنزلیگ دەبینێت لە دوای یانزە ساڵ لە گەیشتن بەو شوێنە، ئەوەی زیاتر هانی یانەکە دەدات بۆ ئەو دەستکەوتە، دووبارەبوونەوەی یاریی کۆتایی لەسەر یاریگەی وێمبڵی کە یانزە ساڵ لەمەوبەر، یانەکە بەرامبەر بایرن میونشن تێیدا دۆڕا.
 
دۆرتمۆند دووەمجارە لە وەرزی ئەمساڵدا سەردانی باخچەی شازادەکان دەکات، ئەگەرچی لە جاری یەکەمدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاوە، بەڵام دەیەوێت پاڵنەر لەو کاروانە باشەی خۆی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە وەرزی ئەمساڵدا وەربگرێت کە بەرامبەر نیوکاسڵ و میلان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا هەیبوو.
 
بەرگریکەرانی بۆرووسیا دۆرتمۆند لە یاریی چووندا، مامەڵەیەکی ورد و قفڵکارانەیان بەرامبەر کیلیان ئێمباپێ ئەنجامدا و مەترسییەکانی ئەو یاریزانەیان تاڕادەیەکی زۆر سنووردارکرد، ئەمشەو پێویستیان بەوە هەیە هەمان مامەڵە بەرامبەر ئەو یاریزانە دووبارە بکەنەوە.
 
ماتس هۆمڵز کە بەپاڵەوانی راگرتنی مەترسییەکانی ئێمباپێ لە یاریی یەکەمدا دەستنیشانکرا، پێشبینیکراوە لە یارییەکەی ئەمشەودا جارێکی دیکە هەمان ئەرک وەربگرێتەوە و ئەو پێیوایە توانای جارێکی دیکە دووبارەکردنەوەی هەمان کاری هەیە.
 
ماتس هۆمێڵز، یاریزانی یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند، دەڵێت "بێگومان هەموو کات رکابەرەکانمان جیاوازییان هەیە. بەڵام ئێمە باسی کیلیان ئێمباپێ دەکەین، دەبێ جیاواز لە هەر یاریزانێکی دیکە بەرامبەر بەرگری بکەین، چونکە ئەو کەسێکی زۆر زۆر چالاکە لە یاریگەدا. بێگومان جیاوازی هەیە لەوەدا کە کێ بەتایبەت ئەرکی چاودێریکردنی ئەو لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام ئێستا من لەم ئاستەدا و بەو ئەزموونەی هەمە و ناسینی یاریزانان، دەزانم دەبێ چیبکەم بەرامبەری، هەروەها دەتوانم خۆم لەگەڵ پلانی یارییەکەدا بگونجێم".
 
بەشێکی گەورە لە نهێنیی درەوشانەوەی دۆرتمۆند لە وەرزی ئەمساڵدا لە چامپیۆنزلیگ، فرەتوانایی تیپەکەیە لە هێڵی هێرشبردن و فرەیاریزانیی هێڵی پێشەوەی تیپەکەیە کە هەڕەشە لەسەر گۆڵی تیپی بەرامبەر دروستدەکات. هێرشبەرانی دۆرتمۆند ئەمساڵ وەک تاکە ئەستێرەی یانەکە دەرناکەون، بەڵکو سەرچاوەی مەترسییەکانی تیپەکە بۆ سەر گۆڵی تیپی بەرامبەر لە چەندین یاریزانی جیاوازەوەیە.
 
تاوەکو ئێستا یانزە یاریزانی جیاواز گۆڵیان بۆ دۆرتمۆند لە چامپیۆنزلیگدا تۆمارکردووە. فولکروگ کە گۆڵی سەرکەوتنی بەسەر سانجێرماندا تۆمارکردووە، گۆڵکەری خولەکەیە بە تەنیا سێ گۆڵ، لە کاتێکدا تیپەکە ئەمشەو جارێکی دیکە تواناکانی دونیاین مالین بەدەستدەهێنێتەوە و دوور نییە سیباستیان هالەریش ئامادەبێت بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا بەشداری بکات.