یانەی هەولێر سزادرا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هەڵسوکەوتی هاندەرانییەوە، یانەی وەرزشی هەولێر سزادەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، رێککەوتی 7-5-2024، لێژنەی تەمبێکردن لە بارەگای فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کۆبووەوە بە مەبەستی بڕیاردان لەبارەی رووداوەکانی یاریی نێوان هەولێر و شورتە، کە یارییەکە لە رۆژی 21ـی مانگی رابردوو لە نێو یاریگەی فرانسۆ هەریریدا بەڕێوەچوو.
لە راپۆرتەکانی چاودێر و رێکخەری ئەمنیی یارییەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە هاندەرانی یانەی هەولێر یاریی ئاگرین و بۆمبی دووکەڵاوییان بەکارهێناوە و بەپێی یاساکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە رووداوی لەم شێوەیەدا یانەی خاوەن یاریگە وەک لایەنی بەرپرسیار هەژماردەکرێت.
دوای پێداچوونەوە و ووردبینی بۆ راپۆرتەکان، لێژنەی تەمبێکاری بڕیاریدا یانەی هەولێر بە پێبژاردنی بڕی 15 ملیۆن دیناری عێراقی و ئەنجامدانی دوو یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سزابدات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە یانەی هەولێر بەدۆخێكی سەختی داراییدا تێپەڕدەبێت و ماوەی چەندین مانگە کێشەی لە پێدانی مووچەی یاریزانەکانی هەیە. لەلایەکی دیکەشەوە ئەنجامەکانی یانەکە بەپێی پێویست نین و لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا پلەی 16ـمی گرتووە.