وەین روونی: مانچێستەر سیتی، نەک هەر لە ریال دەباتەوە بەڵکو تێکیدەشکێنێت


رووداو دیجیتاڵ

وەین روونی، ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی پێیوایە ریال مەدرید شکستێکی قورس و کەمەرشکێن لە چامپیۆنزلیگدا چاوەڕێی دەکات.
 
ریال مەدرید لە یاریی چوونی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، شەوی سێشەممە بەرامبەر بە مانچێستەر سیتی یاریدەکات لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
روونی لە وتارێکدا لە گۆشەی هەفتانەی خۆی لە رۆژنامی 'تایمز'ی بەریتانی نووسیوویەتی، "مانچێستەر سیتی تەنیا لە ریال مەدرید ناباتەوە و بەس، بەڵکو تێکیدەشکێنێت".
 
دوای ئەوەش نووسیوویەتی، "بەدڵنیاییەوە دەکرێ من لە بۆچوونەکەمدا هەڵە بم".
 
هێرشبەرەکەی پێشووی مان یونایتد، دەڵێ، "هیچ تیپێک نییە لە تیپەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی لە چامپیۆنزلیگدا باشتر بێت، بەڵام من پێموایە مانچێستەر سیتی زۆر زۆر باشە و لە ئاستێکی دیکەدایە".
 
سیتی و ریال مەدرید وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، لە هەمان قۆناخدا رووبەڕووی یەکبوونەوە و لە ئەنجامی هەردوو یاریدا، ریال مەدرید بۆ یاریی کۆتایی پەڕییەوە، بەرلەوەی نازناوی چواردەیەمی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا بەدەست بهێنێت.