ئەمڕۆ لە پرێمەرلیگ دوو یاری چارەنووسساز دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە وێستگەیەکەوە بۆ دانەیەکی دیکە، لە تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە و بۆ قورستر، لە بەختی خراپی گەنەرز، زۆرینەی یارییە بەهێزەکانی کەوتنە بەشی کۆتایی قۆناخی دووەمی خولی ئینگلیزییەوە، ئەمجارەش دوای یاریکردن بەرامبەر، لیڤەرپوول، مان سیتی و چێڵسی، دەبێت خۆی بۆ ئەزموونی یاریکردن بەرامبەر بە نیوکاسڵی سێیەمی ریزبەندی ئامادەبکات. 
 
ئارسیناڵ لە کاژێر 18:30 ئەمڕۆ دەبێتە میوانی ماگپایس، تەنیا چوار گەڕ ماوە و وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگ کۆتاییدێت، ئامانجی گەنەرز وازنەهێنان و پێشووپێنەدانی مان سیتیی یەکەمە، ئارتێتا و کوڕەکانی باش لەوە گەیشتوون کە کار لە کار ترازاوە، دەزانن یەکێکە لە مەحاڵەکانی جیهان کە جارێکی دیکە بۆن بە یەکەمییەوە بکەنە، بەڵام هەر هیچ نەبێت بە کاتیش بێت دەیانەوێ جیاوازییەکەیان لەگەڵ مان سیتی بۆ تەنیا خاڵیک کەم بکەنەوە. 
 
بۆ نیوکاسڵ دۆخەکە جیاوازە، ئەوەی پێشبینی نەدەکرا ئەمانە کردیان، ئامانجی گەورەیان گەیشتنە بە چامپیۆنزلیگ، زۆریش نزیکن، بۆنا بە بردنەوەیان لە گەنەرز، جیاوازیی خاڵەکان لەگەڵ لیڤەرپوولی پێنجەم دەگەیێننە شەش خاڵ و یارییەک کەمتریشیان دەمێنێت، واتا دوو بردنەوەی دیکە نیوکاسڵ دەگەیێنێتەوە بە چامپیۆنزلیگ، 20 ساڵە لێی دوورن. 
 
گەنەرز دوای سێ یەکسانبوون و شکستێک، لە گەڕی رابردوودا توانی بگەڕێتەوە سەر رێچکەی بردنەوەکان، دوای ئەوەی چێڵسیی هاوشاری لە یەک گێمدا وێرانکرد، ئارتێتا درکی بەوەکردووە کە گەڕانەوە بۆ پێشەنگی خەونێکی شاعیرانەیە، بەڵام ناچارن ئاهەنگ بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ بگێڕن و هەوڵبدەن ئەم چوار یارییەی کە ماویانە زۆرترین خاڵ کۆبکەنەوە. 
 
لە یارییەکی دیکەی ئەمشەوی پرێمەرلیگدا، لە کاژێر 21:00 یانەی مانچێستەر یونایتد کە دەستی بە پلەی چوارەمی ریزبەندییەکەوە گرتووە، بەرامبەر بە یانەی وێستهام یاری دەکات، دەچێتە یاریگەی لەندەن و دەبێت بەرامبەر بە راهێنەرەکەی پێشوویان کە دەیڤد مۆیسە یاری بکەن، هەرچەندە لە یاریی چووندا کوڕانی تێن هاگ بە ئەنجامی 1-0 براوەبوون بەڵام دۆخی ئیستا کەمێک جیاوازە، بەو پێیەی کە وێستهام شەڕی دابەزین دەکات و تەنیا چوار خاڵ لە ناوچەی سوور دوورە. 
 
یونایتد تەنیا یەک خاڵ لە پێش لیڤەرپوولەوەیە، بەڵام بەم یارییەوە دوو یاریی دواخراوی هەیە، واتا بەدەستهێنانی هەر خاڵێک، واتا زامنترکردنی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، خۆ ئەگەر هەلەکە لەدەستبدات، ئەوا کەس لە کلۆپ و سوورپۆشەکانی مێرسیساید راوچیتر نییە بۆ قۆستنەوەی هەلەکان. 
 
وێستهام 34 یاری کردووە و 34 خاڵی هەیە، لە سێ یاریی رابردوودا دۆڕاوە، بردنەوەی ئەم یارییە بۆ وێستهام مانای زۆر دەبەخشێت، واتای 7 خاڵ جیاوازییە لە نێوان خۆی و ئەو یانەیە کە بۆ ریزی چامپیۆنشیپ دادەبەزێت.