دەستەوارەیەکی گەورە لە سعودیەوە بۆ رامۆس

 
رووداو دیجیتاڵ

داهاتووی سێرخیۆ رامۆس، بەرگریکاری ئیسپانی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان دیارنییە و یانەیەکی سعودیش دەستەوارەیەکی گەورەی بۆ یاریزانەکە ئامادەکردووە.
 
گرێبەستی رامۆس لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە مانگی 7ـی داهاتوو کۆتاییدێت، یانەکە دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام ئەو کێشانەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە یانەکەدا دروستبوون گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکەیان راگرتووە.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت، یانەیەکی سعودی دەستەوارەیەکی گەورەی بە مووچەی ساڵانەی 50 ملیۆن یۆرۆ بۆ سێرخیۆ رامۆس ئامادەکردووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی یانەکە بدرێت، بەڵام یانەی نەسڕ لە ماوەی رابردوودا ئامادەیی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە پێشانداوە و هەوڵەکانیشی دەستپێکردووە.
 
پاریس سانجێرمان دوای ئەوەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و جامی فەرەنسا کرایە دەرەوە، لە خولی فەرەنساشدا ئەنجامەکانی جێگەی دڵخۆشیی هاندەران نین و یانەکە دەیەوێت گۆڕانکاری لە تیپەکەیدا بکات.
 
رامۆس لە دوای رۆیشتنی لە یانەی ریال مەدرید پەیوەندیی بە ریزەکانی پاریس سانجێرمانەوە کرد، لەگەڵ ئەوەی یاریزانەکە لەم وەرزەدا تارادەیەک ئاستی جێگیر بوو، بەڵام پێناچێت لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت.
 
بەرگریکارە ئیسپانییەکە ئێستا تەمەنی 37 ساڵە، لە بازاڕی گواستنەوەدا نرخەکەی تەنیا 6 ملیۆن یۆرۆیە.