پاریس سانجێرمان نەیمار دەفرۆشێت


رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەیەوێت دەستبەرداری نەریمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی ببێت و داوای لە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە کردووە بەدوای کڕیاردا بگەڕێت.
 
نەیمار ماوەیەکی زۆر بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە و نەیتوانیووە وەک پێویست، لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان دەربکەوێت، بەردەوامیش لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە و زۆرن ئەوانەی داوای دەستبەرداربوونی ئەو یاریزانە لە یانەکە دەکەن.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، یانەی پاریس سانجێرمان بیر لە فرۆشتنی یاریزانەکە دەکەنەوە لە گواستنەوەی هاوینەدا، بۆیەش بە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکەیان راگەیاندووە، بە دوای کڕیادرا بگەڕێت بۆ ئەو و یاریزانە و ئەگەر دەستەوارەیەکی گونجاو و باش هەبێت ئامادەن دەستبەرداری یاریزانەکە ببن.
 
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری فوتۆ مێرکاتۆ، یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی چاودێریی بارودۆخی یاریزانەکە دەکات و دەیەوێت بیباتە ریزەکانی، جگە لەو یانەیەش یانەی نیوکاسل یونایتد دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانە بەرازیلییەکە بکات، بۆ ئەوەی لە ئەگەری گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو پێکهاتەیەکی بەهێزی هەبێت.
 
نەیمار ئێستا تەمەنی 31 ساڵە، لە ساڵی 2017 بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بارسێلۆناوە پەیوەندیی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە کردووە، ئێستا نرخەکەی لە گواستنەوەی یاریزاناندا 70 ملیۆن یۆرۆیە و گرێبەستەکەشی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە 2025 کۆتاییدێت.