پاش مێسی، سانجێرمان سزای هاندەرەکانی دەدات

07-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مێسی، بارسێلۆنا، پاریس سانجێرمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمان لە دۆخێکی پڕ لە هەڵچوون و کێشەدا دەژی، بەرلەوەی ئەمشەو لە گەڕی 34ی خولی فەرەنسادا بەرامبەر تروا یاریی بکات.
 
میدیای فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، سانجێرمان لە دوای سزادانی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەکەوە، بەهۆی گەشتکردنی بۆ سعودیە و دابڕان لە تیپەکەی، بڕیاریداوە هاندەرەکانیشی سزا بدات.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی تروا کە میوانداری سانجێرمان دەکات، کۆی 950 کورسیی یاریگەکەی بۆ هاندەرانی سانجێرمان لە کاتی یارییەکەدا تەرخانکردووە، لە نێویاندا 450 کورسی بۆ ئەندامانی دەستەی هاندەرانی ئەڵتراسی یانەکە.
 
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، "کارگێڕیی سانجێرمان بڕیاریداوە سەرجەم ئەو بلیتانەی بۆ ئەڵتراسی یانەکە دانراوە هەڵبوەشینێتەوە و رێگە نەدات هیچ ئەندامێکی ئەو دەستەیە لە یاریگەی تروادا ئامادەببن".
 
هۆکاری بڕیارەکەی کارگێڕیی سانجێرمان، وەک میدیاکان دەڵێن، بەهۆی ئەوەوەیە کە یانەکە پێیوایە، "ئەڵتراسەکان هەموو سنوورێکی رێزیان بەرامبەر یانەکە تێپەڕاندووە، چونکە دروشمیان لە دژی کارگێڕیی یانەکە گوتووەتەوە و تەنانەت جنێویان بە کارگێڕی و راهێنەری یانەکە و ژمارەیەک یاریزانیش داوە".
 
پێشتر سەرۆکی دەستەی هاندەرە ئەڵتراسەکانی سانجێرمان، بێبەریبوونی خۆی لەو هاندەرانە و لە پاڵپشتیکردنیان بۆ هێرشکردنە سەر یاریزانانی یانەکە راگەیاندبوو.
 
ئەڵتراسەکانی سانجێرمان هەفتەی رابردوو چوونە بەردەم ماڵی نەیمار داسێلڤا و داوای رۆیشتنی ئەویان لە یانەکە کرد، پێشتریش لەبەردەم بارەگای سانجێرماندا هێرشیانکردە سەر راهێنەر و کارگێڕیی یانەکە و جنێویان بە دایکی مێسیدا.
 
بەپێی هەواڵەکانی پاریس، پۆلیسی وڵات رێوشوێنی ئاسایشیی، وەک رێوشوێنی پێشوەختە بۆ هەر ئەگەرێک لەبارەی سەرهەڵدانی کاری تووندوتیژی هاندەران بەر لە یارییەکەی تروا گرتووەتە بەر.
 
سانجێرمان بەر لە یارییەکەی تروا بە 75 خاڵ پێشەنگی خولی فەرەنسای گرتووە و لانس لە پلەی دووەمە بە 72 خاڵ و مارسیلیاش 70 خاڵی هەیە.
 
سانجێرمان بۆ یارییەکەی ئەمشەو، بەفەرمی لیۆنێل مێسی لە پێکهاتەکەی دوورخستووەتەوە وەک جێبەجێکردنی بەشێک لە سزای راگرتنی ئەو یاریزانە، بەهۆی گەشتکردنی بۆ سعودیە بەبێ پرسی یانەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە