لووتکەی پرێمەرلیگ.. لیڤەرپوول و تۆتێنهام بە دروشمی تەنیا بردنەوە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

بە دروشمی بردنەوە و تەنیا بردنەوە و بەدوو ئامانجی جیاوازەوە، لیڤەرپوول و تۆتێنهام ئەمڕۆ رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
 
بەیارییەکەی ئەمڕۆوە، هەردوو یانە تا کۆتایی وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگ، چوار یارییان دەمێنێت، هەردوو یانە پێویستی زۆریان بە تەواوی خاڵەکانی سەرجەم یارییەکانیان هەیە، لیڤەرپوول لەپێناو بەردەوامبوون لەسەر رکابەریی نازناوی پرێمەرلیگ لەگەڵ سیتیدا و بەئومێدی یەکجار کەوتنی ئەو، تۆتێنهامیش بەئامانجی مسۆگەرکردنی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
 
لیڤەرپوول کە ئەمڕۆ لە نێو یاریگەی خۆیدا یاریدەکات، پێویستیی زۆری بەبردنەوەی یارییەکە هەیە و لە رووی دەروونیشەوە ئامادەییەکی تەواوی هەیە بۆ بردنەوە، چونکە پەڕینەوە بۆ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، پاڵنەرێکی مانەویی گەورە دەبێت بۆ یاریزانەکانی یۆرگن کلۆپ کە دووپات لەوە دەکاتەوە تۆتێنهام یانەیەکی بەهێز و خاوەن هێرشبەری گەورەی وەک هاری کەینە کە هەموو کات دەتوانێ کێشە بۆ رکابەرەکانی تیپەکەی دروست بکات.
 
یاری چوونی نێوان هەردوو یانە بە یەکسانبوون بە دوو گۆڵ کۆتاییهاتووە، ئەمە وادەکات سەرکەوتن بەسەر ئەو یانەیەدا کارێکی ئاسان نەبێت، بەتایبەت کە تۆتێنهام لە دوا هەفتەکانی خولەکەدا بەردەوام هەوڵی خۆ باشترکردن و بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر دەدات و زۆرینەی جارەکانیش بردنەوە بەدەستدەهێنێت.
 
تۆتێنهام، کە پێویستی بەخاڵەکانی یارییەکە هەیە بۆ بەردەوامبوونی هەوڵەکانی لەپێناو کورسیی چوارەمی پرێمەرلیگ لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، وەک راهێنەرەکەی رایگەیاندووە، بەکەرەستەیەکی کەمەوە شەڕێکی گەورەیان بردووەتەوە کە توانیویانە لەسەر شوێنێکی باش لە ریزبەندی گشتی خولەکەدا بەردەوام لە رکابەریدابن.
 
کۆنتی چەندە بایەخ بەرووبەڕووبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەدات، ئەوەندەش خەیاڵی لای بەهێزکردنی تیپەکەیەتی بۆ وەرزی داهاتوو، بەڵام هاوکێشەی پێویستیی و دەستکرانەوەی کارگێڕیی تۆتێنهام لەپێناو بەجێهێنانی داواکارییەکانی کۆنتیدا، پێویستی بە گەیشتن بەچامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو هەیە، چونکە بەشداریکردنی تۆتێنهام لە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ، وا دەکات کارگێڕیی یانەکە بەجێبەجێکردنی داواکارییەکانی کۆنتی رازی بن و ئەوەش دەرگای بەردەوامبوون و پێکەوە کارکردن لەبەردەمی هەردوولادا دەکاتەوە. 

 

یارییەکانی ئەمڕۆ:
 
چێڵسی - وۆلڤەرهامپتۆن 17:00
کریستیاڵ پالاس - واتفۆرد 17:00
بێرنلی - ئاستۆن ڤێلا 17:00
برێنتفۆرد - ساوسامپتۆن 17:00
برایتۆن - مانچێستەر یونایتد 19:30
لیڤەرپوول - تۆتێنهام 21:45