ڤیدیۆ؛ هەڵبژاردەی ئۆکراینا گەڕایەوە نێو یاریگەکان و دەیەوێت بگاتە مۆندیال

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئۆکراینا دوای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی، جارێکی دیکە دەرکەوتەوە و خۆی بۆ یاریی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر ئامادەدەکات.
 
ئۆکراینا لە سلۆڤینیا مەشق و ئامادەکارییەکانی دەکات، بۆ ئەوەی رۆژی 1ـی مانگی داهاتوو لە هامپدن پارک لە سکۆتلاند رووبەڕووی هەڵبژاردەی سکۆتلاند ببێتەوە.
 
یارییەکە بڕیاربوو رۆژی 24ـی ئاداری رابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵام لەسەر داواکاریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئۆکراینا و دوای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکە، بڕیاردرا یارییەکە دوابخرێت.
 
براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئۆکراینا و سکۆتلاند لە قۆناخی داهاتوو بەرامبەر هەڵبژاردەی وێڵز یارییدەکات، دوای ئەوەی وێڵز سەرکەوتنی بەرامبەر نەمسا بەدەستهێنا.
 
ئەوەی لەم رێگەیەوە دەگاتە یارییەکانی مۆندیال لە کۆمەڵەی دووەم رووبەڕووی ئینگلتەرا، ئەمریکا و ئێران دەبێتەوە.
 
جگە لە دوورکەوتنەوەی هەڵبژاردەی ئۆکراینا لە یاریگەکان و دابڕانی یاریزانەکانیان، خولی تۆپی پێی ئەو وڵاتەش بەهۆی هێرشەکانی رووسیا هەڵوەشێندرایەوە.