لاوتارۆ مارتینێز لەگەڵ مێسی قسەیکردووە بۆ پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنا

07-05-2021
هێژا خەسرەو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لاوتارۆ مارتینێزی یاریزانی ئینتەرمیلان دووجار ریال مەدریدی رەتکردووەتەوە و لەگەڵ مێسیش قسەیکردووە بۆ پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنا.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی ئی ئێس پی ئێن، لاوتارۆ مارتینێزی هێرشبەری ئینتەرمیلان چەند نهێنییەکی درکاند و هۆکاری پەیوەندینەکردنیشی بە بارسێلۆنا ئاشکراکرد.

لاوتارۆ دەڵێت، کاتێک لە تیپی لاوانی رایسینگ کلەب بووم، ریال مەدرید دوو جار دەستەوارەی پێشکێشکردم، بەڵام رەتمکردەوە، چونکە دەمویست لە ئەرجەنتین بدرەوشێمەوە ئینجا روو لە ئەوروپا بکەم بۆ ئەوەی بە تەواوی ئامادەبم.

سەبارەت بە پەیوەندیکردنیشی بە یانەی بارسێلۆنا، مارتینێز گوتی، لەگەڵ مێسی قسەمکرد بۆ ئەوەی ببمە یاریزانی ئەو یانەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی یانە کەتەلۆنییەکە ئەو گرێبەستە سەرینەگرت، گرێبەستەکەمان لە هەوڵەکانی کۆتاییدابوو، بەڵام لە کۆتاییدا لە ئینتەرمیلان مامەوە، ئێستاش دڵخۆشم لە یانەکەم، بە تایبەت دوای ئەوە کە نازناوی خولی ئیتاڵیامان بەدەستهێنا.

لاوتارۆ لەبارەی داهاتووی خۆیەوە گوتی، بە هیوام رۆژێک لە رۆژان بگەڕێمەوە رایسینگی یانەی کۆنم، چونکە ئەوانیش هاندەرانیان سەرشێتانەن وەکو هاندەرانی ئینتەرمیلان.

هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە تەمەنی 23 ساڵە و لە ساڵی 2018دا بە بڕی 25 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی رایسینگ کلەبەوە پەیوەندی بە ئینتەرمیلان کردووە، 96 یاری بۆ یانە ئیتاڵییەکە کردووە و 35 گۆڵیشی تۆمارکردووە، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش سێ ساڵە یاریدەکات و لە 21 یاریدا 11 گۆڵی بۆ تانگۆ تۆمارکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە