ڤیدیۆ؛ 3 یاریزانی فلامینگۆ تووشی کۆرۆنا بوون

رووداو - هەولێر

یانەی فلامینگۆی بەرازیلی، پاڵەوانی جامی لیبرتادۆرێس، تووشبوونی 3 یاریزانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.

ئەو یانە بەرازیلییە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆ یاریزانەکانی دەرکەوتووە کە 3 لە یاریزانەکانی هەڵگری ڤایرۆسەکەن، ئەگەرچی هیچ کام لەوانە نیشانەکانی کۆرۆنایان پێوە دیارنییە.

لە بڵاوکراوەکەی یانەی فلامینگۆدا، هاتووە "کارگێڕی یانەکەمان پشکنینی کۆرۆنای بۆ 293 کەسی سەر بە یانەکە، لە یاریزان و دەستەی راهێنەران و کارمەند و کرێکارانی یانەکە ئەنجامداوە و ئەنجامی پشکنینەکان دەریانخستووە کە 38 کەس لە یانەکەمان تووشی ڤایرۆسەکە بوونە، بەڵام ناوەکانیان ئاشکرا ناکەین".

بەر لە جەند رۆژێک کرێکارێکی یانەکە، کە 40 ساڵ بوو کاری لەگەڵ فلامینگۆ دەکرد، بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا زیاتر لە 8500 کەس لە بەرازیل بوونەتە قوربانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کەچی جاير بۆلسۆنارۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە سوورە لەسەر دەستپێکردنەوەی خولی تۆپی پێی بەرازیل، کە پێیوایە کۆرۆنا تەنیا ئەنفلوەنزایەکی بچووکە.