تیپەکەی بێکهام یاریزانانی بارسا و ریال دەگوازێتەوە؟

رووداو - هەولێر

ناوی هەردوو یاریزانی بارسێلۆنا و ریال مەدرید، ئارتورۆ ڤیدال و گارێس بەیڵ، بە یانەی ئینتەر میامی ئەمریکی بەستراونەتەوە، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینەدا رووبکەنە یانەکە.

ماکوندۆی بەرێوەبەری وەرزشی یانەکەی دەیڤد بێکهام لەبارەی ڤیدالەوە دەڵێت، ئەو یاریزانێکی نایابە، ناوی چەند یاریزانێکی دیکە بە یانەکەوە بەستراون، بەڵام بەشێکی ئەمانە تەنیا دەنگۆن.

ئەو بەرپرسەی یانە ئەمریکییەکە دەڵێت، هەندێک یاریزان لە چاو ئامانجەکەی ئێمە یەک ناگرنەوە و لە رووی داراییەوە بۆ ئێمە ناگونجێن، زۆر دەنگۆ هەن و پێویستە بەپێی تێپەڕبوونی کات بزانین چی دەبێت، بەڵام باش ئەوەیە بەدوای یاریزانی گونجاودا بگەڕێین.



لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی گارێس بەیڵ، ماکوندۆی گوتی، بەکردەیی ناوی ئەو یاریزانە بە یانەکەی ئێمەوە بەستراوەتەوە، ئەو یاریزانێکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام ناکرێت لەسەر هەموو دەنگۆیەکان کۆمێنت بدەین، تەنیا ئەوەیە راستە یان نا.

بەپێی قسەکانی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە، ئینتەر میامی لیستێکی یاریزانانی ئامادەکردووە، گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات و ئەوانەی گونجاون هەوڵدەدات بیانگوازێتەوە ریزەکانی.