ڤیدیۆ؛ لە چرکەی 46 گۆڵی تۆمارکرد و بە بەرچاوی مۆرینیۆوە دێربییان بردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە، هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی پۆرتوگال نزیکبووەوە، دوای ئەوەی یاریی دێربیی لیشبۆنەی لە یانەی بێنفیکای رکابەری بردەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی خولی پۆرتوگال و بە ئامادەبوونی جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالی هەردوو یانە لەسەر یاریگەی خۆسێ ئالڤالادێ رووبەڕووی یەکبوونەوە.
 
دوای تەنیا 46 چرکە لە دەستپێکردنی یارییەکە، جێنی کاتامۆی مۆزەمبیقی گۆڵێکی بۆ یانەی سپۆرتینگی خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
 
لە دوایین ساتەکانی نیوەی یەکەمدا، ئەلیکساندەر با بەلێدانی سەر ئەنجامەکەی بۆ بێنفیکا یەکسانکردەوە.
 
نیوەی دووەمی یارییەکە سەرنجڕاکێشتربوو، هەردوو یانە هێرشەکانیان لەپێناو تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر بەردەوامبوو، بەڵام پەلەکردنی یاریزانانی هەردوولا گۆڵکردنی دواخست.
 
لە خولەکی 91 جێنی کاتامۆ بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی خۆی و سپۆرتینگ لیشبۆنەی تۆمارکرد و لە خۆشی تۆمارکردنی ئەو گۆڵەدا، یاریزانە 23 ساڵەکە گریا.
 
لە خولەکی 98 فرێدریک ئاورسنێس، لە ریزەکانی بێنفیکا دووەم کارتی زەردی وەرگرت و بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
سپۆرتینگ دێربیی لیشبۆنەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی پۆرتوگال بووە خاوەنی 71 خاڵ و ئێستا 4 خاڵ لە پێش بێنفیکای دووەمە و یارییەکیشی کەمتر ئەنجامداوە.