ڤیدیۆ؛ ڤیاریال سوپرایزەکەی ئەنجامدا

07-04-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤیاریال بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ڤیاریالی ئیسپانی، سوپرایێکی گەورەی ئەنجامدا و شکستی بە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی هێنا، کە ئەرکی یانە باڤارییەکە لە یاریی گەڕانەوەدا زۆر زەحمەت دەبێت.
 
لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، یانەی ڤیاریال لەسەر یاریگەی لاسيراميكا میوانداری یانەی بایرن میونشنی کرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردەوە.
 
کوڕانی ئونای ئێمری بەڵێن و قسەکانی راهێنەرەکەیان هێنایەوە دی، کە بەر لە یارییەکە گوتبووی "ئێمە دەتوانین لەو تیپە ببەینەوە کە لە ئێمە بەهێزترە".
 
یارییەکە دەستیپێکرد و هەرزوو ئارنوت دانجومای یاریزانی هۆڵەندی بەڕەچەڵەک نایجیری، ئەڵمانییەکانی تووشی شۆککرد، کاتێک لە خولەکی 8ـدا توانی تۆڕی گۆڵی مانوێل نویەر بهەژێنێت و یانەی خاوەن یاریگە بە گۆڵ پێشبخات.
 
دوای ئەم گۆڵە یاریزانانی ڤیاریال بە فەرمانی ئونای ئێمریی راهێنەریان رووبەرەکانیان لەبەردەم یاریزانانی باڤاریدا تەسککردەوە و بە هێرشی هەڵگەڕاوەش بەردەوامبوون لە هەڕەشەکردن لە گۆڵی نویەر.
 
یاریزانانی یولیان ناگێلسمان بە درێژایی 90 خولەکی یارییەکە هەموو شێوازەکانی هێرشبردن و لێدان لە دوورەوەیان بەکارهێنا، بەڵام لە هیچ هەوڵێکیاندا سەرکەوتوو نەبوون و نەیانتوانی گۆڵی یەکسانبوون تۆمار بکەن.
 
یارییەکە بە گۆڵێکی بێوەڵام بۆ بەرژەوەندی ڤیاریال کۆتاییهات، بەمەش ئەرکی باڤارییەکان لە یاریی گەڕانەوەدا زۆر قورس دەبێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی یارییەکە سێشەممەی داهاتوو لەنێو یاریگەی ئالیانز ئەرێنا لە میونشن ئەنجام دەدرێت، بەڵام نویەر و هاوڕێکانی پێویستە بە جیاوای دوو گۆڵ ببەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بلیتێکی قۆناخی پێشکۆتایی وەربگرن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە