فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لێکۆڵینەوە لەبارەی داواکەی سێڤییا لە دژی ریال مەدرید دەکات

07-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بڕیاری کۆتایی لەسەر داواکەی سێڤییا دەدات، کە لەبارەی تەلەڤزیۆنی فەرمی ریال مەدرید لەسەر ئەو یانەیە تۆماریکردبوو. 
 
بابەتی رەخنەگرتن لە ناوبژیوانان لەلایەن تەلەڤزیۆنی یانەی ریال مەدریدەوە ماوەیەکی زۆرە لە میدیاکان بڵاوبووەتەوە و زۆر لە یانەکان ناڕەزایەتییان لەو بارەیەوە نیشانداوە و باسیان لەوە کردووە کە ئەو کارە دەبێتە هۆی گوشاردروستکردن لەسەر ناوبژیوانان وایان لێدەکات بڕیاری نادرووست لە بەرژەوەندی ریال مەدرید بدەن. رۆژی شەممە، 24-2-2024، یانەی سێڤییا رایگەیاند کە سکاڵای فەرمییان لە دژی ڤیدیۆیەکی تەلەڤزیۆنی یانەی ریال مەدرید تۆمارکردووە کە تێیدا کەناڵەکە هێرش دەکاتە سەر ناوبژیوانانی یارییەکەی ریال مەدرید و سێڤییا لە گەڕی 26ـی لالیگا، کە دواتر یانە مەدریدییەکە بە گۆڵێکی بێوەڵام سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنا. 
 
لە ماوەی رابردوودا، میدیاکانی ئیسپانیا هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە  لیژنەی تەمبێکاری بڕیاریداوە لێکۆڵینەوە لەبارەی داواکەی سێڤییاوە نەکات، بەڵام ئەمڕۆ یانەی سێڤییا رایگەیاند کە فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بڕیاریداوە لە رێگەی لیژنە تەمبێکارییەکەیەوە فایلێک بۆ داواکەی سێڤییا لە دژی ریال مەدرید بکاتەوە.
 
سێڤییا راگەیێنراوێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت "فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لە رێگەی لیژنە تەمبێکارییەکەیەوە بە سێڤییای راگەیاندووە فایلێک بۆ داواکەمان لە دژی ریال مەدرید دەکاتەوە، کە لەسەر تەلەڤزیۆنی ریال مەدرید تۆمارمانکردبوو لەبارەی ئەو ڤیدیۆیەی تێیدا رەخنەیان لە ناوبژیوانان ئیسیدرۆ دیاز دی مێرا و پابلۆ گۆنزالێز فوێرتێس گرتبوو."
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە خاڤیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا، لە رابردوودا چەند جارێک ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی ئەو ڤیدیۆیانەی تەلەڤزیۆنی ریال مەدریدەوە پیشانداوە کە تێیدا هێرش دەکەنە سەر ناوبژیوانان، لە ماوەی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە دەستەی لالیگا بڕیاریداوە کە ئەگەر لیژنەکە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات ئەوا پشتی سێڤییا بگرێت و لە دژی ریال مەدرید بوەستێتەوە. 

 

بەپێی چەند سەرچاوەیەک، ئەگەری سزادانی ریال مەدرید لاوازە، چونکە ئەو تەلەڤزیۆنە سەرەڕای ئەوەی تایبەتە بە ریال مەدرید، بەڵام لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێت. بۆیە دەبێت بسەلمێنرێت کە یانەکە دەستی لە بڕیاردان لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی تەلەڤزیۆکەنەدا هەبووە تاوەکو سزابدرێت. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە