رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، پێیوانە تیپەکەی و دوو یانەی دیکە، بەربژێرن بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ.
مانچێستەر سیتی، لە پاش دووبارەکردنەوەی سەرکەوتن بەسەر کۆپێنهاگنی دانیمارکی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، بووە یەکێکی دیکە لە تیپە سەرکەوتووەکان بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.
هەریەکە لە ریال مەدریدی ئیسپانی، بایرن میونشنی ئەڵمانی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بەهەمان شێوە سەرکەوتنیان بۆ هەمان قۆناخی چامپیۆنزلیگ مسۆگەرکردووە.
بڕیارە رۆژی 15ی ئەم مانگە، تیروپشکی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە ئەنجام بدرێت، پاشئەوەی هەفتەی داهاتوو ژمارەی یانە سەرکەوتووەکان بۆ هەمان قۆناخ، یەکلادەبێتەوە.
پێپ گواردیۆلا، لە لێدوانی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ، "گرنگ ئەوەیە کە حەوتەمین وەرزی لەسەریەکە، دەگەینە هەمان قۆناخی چامپیۆنزلیگ".
مانچێستەر سیتی لە 2018ەوە هەموو وەرزێک سەرکەوتنی بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەدەستهێناوە و وەرزی رابردوو بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.
پێپ پێیوایە، دوو یانەی دیکە، رکابەریی مانچێستەر سیتی دەکەن لە بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتییەکە کە بریتین لە ریال مەدرید و بایرن میونشن.
پێپ ئاشکرایکردووە، دوای هاتنی بۆ سیتی لە پاش دوو ئەزموونی بارسلۆنا و بایرن میونشن، دۆخەکە جیاواز بووە، ئەو دەڵێ، "لەو دوو یانەیە بەردەوام داوام لێدەکرا بگەمە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، بەڵام لێرە هەستمکرد یانەکە ئارامیی زیاترە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن".
راهێنەرە ئیسپانییەکە زیاتر دەڵێ، "راهێنەر پێویستی بەکاتە و ئەوانیش کاتیان بەمندا، بەڵێ، بێگومان دەکرێ بدۆڕێیت، بەڵام هەروەها دەکرێ رکابەریی بکەیت تاوەکو کۆتایی، چونکە ئێمە لە ئەزموونی پێشترەوە هاتووین کە سەرکەوتنی گەورەی تێدا بەدەستهێنراوە و ئەمەش مانای ئەوەیە ئێمە دەتوانین لەسەر ئاستی ئەوروپا لە رکابەرییەکەدا، خۆگربین".
پێپ لە کاروانی راهێنەرایەتیی خۆیدا، سێجار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، دووجار لەگەڵ بارسێلۆنا لە ساڵانی 2009 و 2011 و دواتریش لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە 2023.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ