پێشبینی نەکراو.. کرووس ناڕاستەوخۆ رەخنە لە ئەنچێلۆتی دەگرێت

07-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی تۆنی کرووس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تۆنی کرووس، یاریزانی ئەڵمانیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، رەخنەی لە شێوازی یاریکردنی تیپەکەی بەرامبەر لایپزیگ گرت، کە لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون.
 
لەو یارییەدا کارلۆ ئەنچێلۆتی بە پێنج یاریزان لە هێڵی ناوەڕاست و تەنیا یەک یاریزان لە هێڵی هێرشبردن یاریکرد، کە ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی بوو.
 
ریال مەدرید ئەگەرچی بلیتی گەیشتنی بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی بەهۆی بردنەوەی لە یاریی چووندا بەدەستهێنا، بەڵام بە ئاستێکی خراپ دەرکەوت، بۆیە کرووس لە لێدوانەکانی دوای یارییەکەدا رەخنەی لە شێوازی یاریکردنی ئەنچێلۆتی گرت، و پێیوابوو نەدەبووایە بە تەنیا یەک یاریزان لە هێڵی پێشەوە یاری بکەن.
 
یاریزانە ئەڵمانییەکە، گوتی "لایپزیگ ئاستێکی باشی پێشکێشکرد، یاریزانەکانیش بەرگرییەکی زۆر باشیان کرد، بەهۆی بەرگرییەکانیانەوە توانیان هێرشی پێچەوانەی باش ئەنجام بدەن".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "باشترین شت لە یارییەکەدا ئەوەبوو کە کۆتاییهات، هەر شتێک دەکرا دوای گۆڵی یەکسانکردنەوەی لایپزیگ رووبدات".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، تۆنی گوتی "دەمانزانی کە ئەوان دەتوانن مەترسیداربن. ئێمە تا راددەیەک باش بووین لەگەڵ تۆپەکەدا، بەڵام یاریزانی پێویستمان نەبوو لە هێرشبردندا بۆ ئەوەی مەترسیی لەسەر گۆڵی ئەوان دروست بکەین".
 
کرووس زیاتر گوتی "ئەنجامەکە شتێکە و شێوازی یاریکردن شتێکی دیکە، لە گێمی یەکەمدا هەستمان بە رازیبوون کرد لە ئەنجامەکە، بەڵام نەک بەشێوازی یاریکردنمان، گێمی دووەم کەمێک باشتربووین، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئاستێکی زۆر باشمان پێشکێش نەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکەوتین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە