وێنە و ڤیدیۆ؛ رووداوێک لە خولی عێراق کاردانەوەی گەورەی لێدەکەوێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە یاریی لووتکەی گەڕی 18 لە نێوان هەردوو یانەی زەورا و تەڵەبە رووداوێک کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
یارییەکە لەلایەن ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سعودی، خالد تەریسەوە بەڕێوەبردرا، بەڕێوەبردنی یارییەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو و بەبێ ئەوەی هیچ یەکێک لە بڕیارەکانی ناوبژیوانەکە کاردانەوە دروستبکات، لە سۆشیاڵ میدیا و لەنێو هاندەرانی تۆپی پێدا کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
لە یارییەکەدا ناوبژیوانەکە لێدانێکی سزای بۆ یانەی تەڵەبە هەژمارکرد، کاتێک گەڕایەوە بۆ ڤار بۆ دڵنیابوونەوە لە راستیی بڕیارەکەی کەمتر لە 40 چرکەی پێچوو ئەمەش لەنێو هاندەراندا کاردانەوەی گەورەی دروستکرد و هەمووان پرسیاری ئەوە دەکەن، بۆچی ئەم ناوبژیوانە ئەوەندە کەمی پێویستبوو تاوەکو بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، کەچی ناوبژیوانەکانی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیارێک زیاتر لە سێ خولەکیان پێویستە و هەندێکجار دەگاتە نزیکەی 7 خولەک.
 
یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.

 
دوای بەڕێوەبردنی ئەم یارییە، کە یەکەمجار بوو خالد تەریس بێتە عێراق و یارییەکی خولەکە بەڕێوەببات گوتی "شانازییەکی گەورەیە هاتوومەتە عێراق، بۆ بینینی خولەکە و هاندەرانی و ئەوەی زیاتر دڵخۆشم دەکات ئەوەیە یاریزانەکان هیچ ناڕەزایەتییەکانیان بەرامبەر بڕیارەکان نەبوو."

 



فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە هەنگاوێکی نوێدا بڕیاری داوە یارییە گرنگەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق لەلایەن ناوبژیوانانی بیانییەوە بەڕێوەببردرێن، بۆ ئەوەی کەمتر هەڵەکردن رووبدات و رێگە لەو هەموو رەخنە و ناڕەزایەتییانە بگرێت کە لە ناوبژیوانەکان دەگیرێن.