برینەکانی مانچێستەر یونایتد قووڵتر دەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ

گورزە کوشندەکان بۆ یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیز بەردەوامن، شکستی یانەکە بەرامبەر لیڤەرپوول بە حەوت گۆڵی بێبەرامبەر لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا، گرفتی دیکەی بەدوادا هاتووە.
 
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، گومانی زۆر هەیە لەوەی کاسیمیرۆی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی ئەو یانەیە، توانای بەشداریکردن لە یاری پێنجشەممەی داهاتووی یانەکەی لە قۆناخی شانزەی یۆرۆپالیگ، بەرامبەر ریال بێتیسی ئیسپانی هەبێت.
 
کاسیمیرۆ یەکێکە لە گرنگترین یاریزانەکانی ئەمساڵی مانچێستەر یونایتد و هاوینی رابردوو لە ریال مەدریدەوە رووی لەو یانەیە کرد.
 
کاسیمیرۆ لە شکستە قورسەکەی مان یونایتد بەرامبەر لیڤەرپوول دووچاری پێکان بوو و لە خولەکی 77دا یاریگەی بەجێهێشت.
 
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، زەحمەتە کاسیمیرۆ لە یارییەکەی پێنجشەممەدا توانای یاریکردنی هەبێت، بەڵام بەر لە یارییەکە هەڵسەنگاندن و پشکنینی نوێی بۆ دەکرێت و بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردنییەوە دەدرێت.
 
کاسیمیرۆ لە هەموو یارییەکانی ئەمساڵی مان یونایتد لە یۆرۆپالیگ بەشدارییکردووە و رۆڵی گەورەی هەبوو لە دوورخستنەوەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە قۆناخی پلەی ئۆفی پاڵەوانێتییەکەدا.
 
کاسیمیرۆ، ئەمساڵ بەشداری لە 35 یاریی مان یونایتد کردووە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، پێنج گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە  و هەمان ژمارە ئەسیستیشی هەیە، رۆڵی گەورەی هەبوو لە بەدەستهێنانی نازناوی جامی کاراباو کەپ لەلایەن یانەکەوە.