پاریس سانجێرمان، نەیمار شۆک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، پێکانی تووندی نەیمار داسێلڤا دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بەیەکجاری ئەو یاریزانە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە.
پاریس سانجێرمان دوێنێ رایگەیاند، نەیمار داسێلڤا دووچاری پێکانی قورس بووە لە بەستەرەکانی پاژنەیدا و بەردەوام دووبارەبوونەوەی ئەو پێکانە، وایکردووە پزیشکەکانی یانەکە ئامۆژگاری بکەن نەشتەرگەری ئەنجام بدات.
یانەکە رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا نەیمار نەشتەرگەری ئەنجامدەدات لە قەتەر و بەهۆیەوە وەرزی ئەمساڵی ئەو یاریزانە کۆتاییهاتووە، چونکە پێویستی بە سێ تاوەکو چوار مانگ چارەسەر هەیە.
هەرچەندە نەیمار لە دوای هەواڵی نەشتەرگەرییەکە رایگەیاند کە بە وزە و هێزێکی زیاترەوە دەگەڕێتەوە.. بەڵام پێدەچێ بەرپرسانی ئەو یانەیە بەپێچەوانەوە بیر بکەنەوە. بەتایبەت لویس کامپۆسی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە.
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، تاوەکو ئێستا و وێڕای ئەو پێکانە قورسەی کە تووشی بووە، بەڵام نەیمار ئومێدەوارە بگەڕێتەوە مەشقەکانی سانجێرمان و بیرۆکەی رۆیشتن لە یانەکە رەتدەکاتەوە، بەڵام کامپۆس گوتوویەتی ئەوە هەلێکی باشە، بۆ ئەوەی یانەکە بەیەکجاری دەستبەرداری نەیمار بێت و ئەگەری فرۆشتنی یەکجاری بخاتە بەردەستی بۆ ئەوەی بەزوویی بڕیاری لەبارەوە بدات.
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەم قسانەی کامپۆس، وەک سوپرایز و گورزێکی کوشندەبوون بۆ خەونەکانی نەیمار لە دوای ئەو پێکانە قورسەوە.