هەڤپەیڤینی نوێی لیۆنێل مێسی.. دەتوانین لە بایرن میونشن ببەینەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی یانەکەی پاریس رایگەیاند، زۆر خۆشە لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ بەشێک بیت لە هەمان تیپ، گوتیشی "بردنەوە لە بایرن میونشن لەنێو یاریگەکەیدا زەحمەتە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەتوانن ئەنجامەکە لە بەرژەوەندی خۆیاندا پێچەوانە بکەنەوە".
 
لیۆنێل مێسی، سەرەتا باسی ئەو پێشوازییەی کرد کە ئەرجەنتینییەکان دوای مۆندیال لە خۆی و هاوڕێکانی کردووە و گوتی "روونکردنەوەی ئەو دۆخەی کە تێیدا ژیاین قورسە، شتێکی زۆر نایاب بوو،خەونێکی گەورە بوو بۆ ئەوەی هەموومان تێیدا هاوبەش بین، ئەم ساتانە بۆ هەتا هەتایە لە یادەوەریمدا دەمێننەوە".
 
ئینجا لەبارەی یاریی کۆتایی مۆندیالی قەتەر و رۆڵی کیلیان ئێمباپێی هاوڕێی لەو یارییەدا پرسیاری لێکرا و لیۆ گوتی "یاریی کۆتایی زۆر نایاب بوو، ئەوەی کیلیان لەو یارییەدا کردی، کە 3 گۆڵی کرد زۆر نایاب بوو، بەڕاستی شێتایەتییە تۆ لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا هاتریک بکەی و جامەکە نەبەیتەوە". 
 
مێسی زیاتر لەبارەی ئێمباپێیەوە گوتی "کیلیان پێشتر جامی جیهانی بردووەتەوە، ئەو دەزانێت کە هەستێکی چەند خۆشە، بەڕاستی یاریی کۆتایی زۆر نایاب بوو بۆ بینەران بە گشتی".
 
کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین گوتیشی "زۆر خۆشە لەگەڵ ئێمباپێ بەشێک بی لە هەمان تیپ و هیوادارم لەگەڵ پاریسیش بتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین".
 
ئەستێرەی تانگۆ لە بەشێکی قسەکانیدا باسی ئەو زەحمەتییانەی کرد کە لە وەرزی یەکەمیدا لەگەڵ پاریس سانجێرمان رووبەڕوویان بووەوە و گوتی "بەڵێ پێشتریش زۆرم گوت، ساڵی یەکەم رووبەڕوی زۆر زەحمەتی بوومەوە تاوەکو بتوانم لەگەڵ پاریس بگونجێنم، بەڵام ئێستا هەستێکی باشم هەیە لەگەڵ خواستێکی زۆر بۆ ئەوەی هەست بە ئاسوودەیی بکەم لە یانەکە و لە شارەکەش، زۆر چێژی لێ وەردەگرم".
 
دواتر باسەکە چووە سەر یاریی گەڕانەوەی پاریس سانجێرمان لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، کە تێیدا رووبەڕووی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەبێتەوە و یاریی چوون بە دۆڕانی مێسی و هاوڕێکانی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهاتووە.
 
لیۆ لەو بارەیەوە گوتی "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گۆڕینی دۆخەکە بەرامبەر بایرن و بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنین، ئەمە ئامانجی هەمووانە".
 
ئەو زیاتر گوتی "پێموایە تیپەکە بەگشتی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لە یارییەکانی رابردوودا رووخسارێکی جیاوازمان هەیە و سەرکەوتنەکان روونن، ئێمە بە باشی گەیشتووینەتە ئەم یارییە و هیوادارم بە هەمانشێوە بەردەوام بین".
 
لیۆ گوتیشی "هەموو ژیانم وەهایە، هەمیشە دڵسۆزی، کار، هەوڵ و ئاواتم بۆ زیاتر بووە، ناچاربووم بچمە یانەیەکی نوێ، ئاواتەخوازم بۆ بەدەستهێنانی نازناوە گرنگەکان و ئەو ئامانجانەی لە سەرەتای وەرزدا دامانناون".
 
لە درێژەی قسەکانیدا ئەستێرەی پاریس سانجێرمان، گوتی "پێموایە لە دوایین یاری بەرامبەر مارسیلیا باشتر بووین، تیپەکە دوای ئەم سەرکەوتنە باشتربووە، هەروەها هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەردەوامبوون و سەرکەوتن بەسەر بایرندا".
 
لێیان پرسی، ئایا یارییەکانی لیل و مارسیلیا ئامادەکارییەکی باش نین بۆ بایرن؟ مێسی وەڵامەکەی بەمشێوەیە بوو "بە دڵنیاییەوە گرنگە بەم شێوەیە بگەینە ئەم یارییە، پێشتر لەم وەرزەدا لە باشترین ئاستدا نەبووین، بەڵام توانیمان دوو سەرکەوتنی گرنگ بەدەستبهێنین بۆ بەهێزکردنی تیپەکە".
 
مێسی زیاتر لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی قسەی کرد و گوتی "یاریی بایرن قورس دەبێت و لەسەر وردەکاریی بچووک یەکلایی دەکرێتەوە، بردنەوە لە بایرن لەنێو یاریگاکەیاندا زۆر قورسە، بەڵام پێموایە ئامادەین و توانای گۆڕینی دۆخەکەمان هەیە".
 
تۆ تازە The Bestـت بردووەتەوە و هەرگیز نەمانبینیوە وا دڵخۆش و ئازاد بیت، بە دۆخەکە رازیت؟ ئەمە پرسیارێکی دیکە بوو کە لە مێسی کرا و ئەو لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ، لە راستیدا هەستێکی زۆر باشم هەیە. شێوازی ئاهەنگگێڕان و سڵاوی هاندەرانی ئەرجەنتینی شێتانە بوو، لە راستیدا پێشبینیمان دەکرد شێتانە بێت، بەڵام بەم شێوەیە نا".
 
لیۆنێل مێسی، لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا، دووپاتیکردەوە "من لەگەڵ یانەکە و لە شارەکە ئاسوودەم، بەڕاستی چێژ لەم وەرزە وەردەگرم".