بۆ کڕینی یانەی چێڵسی کوردەکەی باکووری کورستان رکابەری بۆ پەیدابوو

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی رابردوودا چەند کەسایەتییەکی دیار لەسەر ئاستی جیهان نیازی خۆیان بۆ کڕینەوەی یانەی چێڵسی ئینگلیزی پێشانداوە، ئەمجارە دوو کەسایەتی دیکە دەیانەوێت یانەکە بکڕنەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیانی بەریتانیا ناوی دوو کەسی دیکەیان ئاشکراکرد، ئەوانیش هەریەکە لە ملیاردێر نیک کاندی و تۆماس ریکیتسن، کە خاوەنی شیکاگۆ کەپسە لە یاریی بەیسبۆڵدا و ویستی خۆیان بۆ کڕینەوەی یانەکە ئاشکرا کردووە.
 
هاتنە پێشەوەی ئەم دوو ملیاردێرە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، رۆمان ئەبرامۆڤیچ، ملیاردێری رووسی بڕیارییدا یانەکەی بفرۆشێت، بەڵام مەرجی سەرەکی ئەبرامۆڤیچ ئەوەیە کەسێک بێتە پێشەوە بتوانێت هاوشێوەی ئەو خاوەنداریەتی یانەکە بکات و لەسەر سەرکەوتنەکان بهێڵێتەوە.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت " لە ماوەی داهاتوودا ئەگەری هەیە 300 دەستەوارە پێشکێشی ئەبرامۆڤیچ بکرێن بۆ ئەوەی یانەی چێڵسی بفرۆشێت، یەکێک لەوانەش کەسایەتی بواری وەبەرهێنانە لە خانووبەرەدا بەناوی کاندی.
 
ئەم دوو کەسایەتییە لەکاتێکدا دەیانەوێت چێڵسی بکڕنەوە، پێشتر هانزیۆرگی ملیاردێری سویسری کە داهاتەکەی 6 ملیار دۆلارە، لەگەڵ موحسین بایراک، کەسایەتی دیاری باکووری کوردستان و شاری بەدلیس، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی ئەی بی کە سامانەکەی 11 ملیار دۆلارە، ناویان بۆ کڕینەوەی یانە لەندەنییەکە هێنراوە، ئەمە جگە لەوەی کە کۆنۆر ماکگریگۆری، ئەستێرەی بەنێوبانگی یارییەکانی هونەری بەرگری ویستی خۆی بۆ کڕینی یانەکە پێشانداوە.
 
بەمەش پرۆسەی کڕینەوەی یانەی چێڵسی دەکرێت ماوەیەکی زۆر بخایێنێت، لەکاتێکدا پارەیەکی زۆر و کارکردنی زۆری پێویستە و ئەبرامۆڤیچیش بە کەمتر لە 4 ملیار پاوەند یانەکەی نافرۆشێت.