ڤیدیۆ؛ پۆرتۆ 25 یارییە نەدۆڕاوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رکابەرییەکانی خولی پۆرتوگالدا، یانەی پۆرتۆ لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و لە 25 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
 
پۆرتۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی پاکۆ دی فێرێرا یارییکرد و یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
 
لە خولەکی 17 ئیدوارد گابریێل گۆڵی پێشکەوتنی بۆ پۆرتۆ تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی 31 خوان دێلگادۆ ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بەڵام زۆر نەبرد دوای 7 خولەک ئیڤانێلسۆن ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی پۆرتۆدا گۆڕی و نیوەی یەکەم کۆتاییهات.
 
لەنیوەی دووەمدا پۆرتۆ هەر زوو ئەنجامەکەی یەکلاکردەوە، کاتێک ئیڤانێلسۆن لە خولەکی 53 گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و مەهدی تاریمیش لە خولەکی 59 یانەکەی کردە خاوەنی گۆڵی چوارەم.
 
لە خولەکی 66 نیکۆلاس گایتان گۆڵێکی دیکەی بۆ پاکۆ دی فێرێرا تۆمارکرد، بەڵام کاریگەریی نەبوو و پۆرتۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سێ خاڵەکەی بردەوە و لە دوای 25 گەڕ 21 بردنەوە و 4 یەکسانبوونی هەیە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەدا خاوەنی 67 خاڵە و 6 خاڵ لە سپۆرتینگ لیشبۆنەی دووەم دوورە.