دێربیی مەدرید.. ئاتلێتیکۆ و ریال لە جەنگدان و بارساش بە ئاسوودەیی سەیریان دەکات

رووداو دیجیتال

هاندەران بەپەرۆشەوە چاوەڕێی یاریی ریال مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دێربیی پایتەختی ئیسپانیا لە لالیگادا دەکەن، لەسەر بنەمای ئەو ململانێ گەرمەی لەنێوان هەردوو یانە لەسەر پێشەنگی خولی ناوخۆییدا هەیە، کە رکابەری نێوان دوو باشترین راهێنەر لە جیهاندا دەگرێتەوە، زینەدین زیدان و دیێگۆ سیمیۆنی.

یانەی ریال مەدرید ئەمشەو کاژێر 18:15 لەسەر یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ دەبێتە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 26ـی لالیگادا.

رۆژنامەکانی مەدرید تیشکیان خستووەتە سەر ئەو رووبەڕووبوونەوە نوێیەی نێوان زیدان و سیمۆنی، کە ژمارەی 13ـی نێوانیانە، کە راهێنەرە فەرەنسییەکە بە 4 بردنەوە بەرامبەر بە دوو بردنەوە بەسەر راهێنەرە ئەرجەنتینییەکەدا باڵادەستە، لە کاتێکدا لە 6 یارییدا یەکسان بوونە.

زیدان نزیکەی 5 ساڵ ریال مەدریدی لە لووتکەدا هێشتەوە، 11 نازناوی بۆ بەدەستهێنا، کە 3 نازناوی چامپیۆنزلیگ، دوو جامی مۆندیالی یانەکان و دوو نازناوی لالیگا بووە، هاوکات سیمیونی کە ساڵی 2011 گەیشتە ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئەو یانەیە لە قەیراندا بوو، بەڵام دیێگۆ توانی بیگەڕێنێتەوە نێو یانە گەورە و بژاردەکانی ئەوروپا، 7 نازناوی لەگەڵدا بردووەتەوە، لەوانەش نازناوێکی لالیگا، کە 18 ساڵ بوو لەو نازناوە بێبەش بووبوو، هەروەها دووجار نازناوی یۆرۆپالیگیی بردەوە، جگە لەوەش دووجار ئەو یانەیەی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کە رۆخیبلانکۆس لە مێژووی 117 ساڵەیدا تەنیا 3 جار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی ئەو پاڵەوانێتییە گەورەیە.

لە رووی شێوازی یاریکردنەوە، ئەو دوو راهێنەرە بە دوو تاکتیکی جیاوازەوە یاری دەکەن، سیمیۆنی پشت بە شێوازی بەرگری دەبەستێت و ژمارە و ئامارەکانی ئەوە پیشان دەدەن کە تێیدا تیپەکەی 0.7 گۆڵی لێدەبێت لەهەر یارییەکدا و 1.6 گۆڵیش لە هەر یارییەکدا تۆماردەکات، لە کاتێکدا زیدان نزیکە لە قوتابخانەی ئیتالی، کە ئەوکاتەی یاریدەدەری راهێنەر بوو لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی، فێری ئەو شێوازە بوو، ئەویش بە بەرگرییەکی چڕ یاریدەکات، بەڵام لەگەڵ زیاتر هێشتنەوەی تۆپ و بەرەو پێشڤەچوونی راستەوخۆ بۆ گۆڵی بەرامبەر، لەبەرئەوە 1.3 گۆڵی لێدەبێت لە هەر یارییەکدا و 2.3 گۆڵیش تێکڕایی گۆڵکردنیەتی لە هەر یارییەکدا. 

یارییەکەی ئەمڕۆ بۆ هەردوو راهێنەرەکە گرنگی زۆری هەیە، چونکە بردنەوەی زیدان واتا مانەوەی ریال مەدرید زۆر بەهێزی لە هاوکێشەکەدا بە بەهێزی بمێنێتەوە و جیاوازی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ کەمبکاتەوە بۆ دوو خاڵ، هەم واتا زیزۆ چانسی بردنەوەی سێیەم نازنای لالیگای دەمێنێتەوە، کە ئەگەر ئەوە روویدا دەبێتە 12ـەمین نازناوی لەگەڵ یانەی شاهانە و نزیک دەبێت لە شکاندنی ریکۆردەکە، کە تاوەکو ئێستا میگێڵ مونیۆز ئەو راهێنەرەیە کە زۆرترین نازناوی بۆ ریال مەدرید بەدەستهێناوە و ژمارەیان 14 نازناوە.

لە بەرامبەردا بۆ سیمۆنیش بردنەوەی دێربی گرنگییەکی زۆری دەبێت لە رووی فراوانکردنی بۆشایی لەگەڵ رکابەرەکەی و زیاتر نزیکبوونەوە لە نازناوەکە. هەروەها دیێگۆ بە بردنەوە ریکۆردێکی مێژوویی تۆماردەکات و دەبێتە خاوەنی 304 بردنەوە لە مێژووی ئاتلێتیکۆ مەدریددا، کە تاوەکو ئێستا بە ناوی سابیۆ دی هۆرتالیزایە.