ریاز مەحرز بە یەکجاری وازی لە تۆپی پێهێنا

رووداو-هەولێر

ریاز مەحرزی  یاریزانی یانەی لێستەر سیتی ئینگلیزی  وازهێنانی خۆی لە تۆپی پێ راگەیاند.


 دوێنێ شەو ریاز مەحرز لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە و نوسیوویەتی" گفتوگۆم لەگەڵ دکتۆرەکانم کردووە  پێیان گووتم کە نابێت یاری بکەم بۆیە بە یەکجاری واز لە یاریکردن دەهێنم، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە یارمەتییان داوم و بۆ هەتا هەتایە لە دڵمدا دەمێننەوە".



مەحرز ئەم نووسینەی تەنیا لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوە و لە ئەکاونتەکانی دیکەی خۆی هیچی لەو شێوەیە بڵاونەکردووەتەوە، بۆیە بووە جێی گومانی هەموولایەک کە  ئایا هاککراوە یاخود نا، چونکە هێشتا نووسینەکە لە ئەنکاونتەکەی نەسڕدراوەتەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەش یاریزانە 27 ساڵییەکە  لە ئەکاونتی فەرمی یانەی لێستەر سیتی لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە ئەکاونتی فەیسبووکی هاککراوە و بڵاوکردنەوەی ئەو نووسینە هیچ پەیوەندییەکی بە مەحرزەوە نییە و وازهێنانی دوورە لە راستی.