هه‌موو شتێك له‌باره‌ی وازهێنانی لویس ئێنریكی

ماڵپه‌ڕی دیاریۆ گۆڵی به‌ناوبانگی ئیسپانی، رایگه‌یاند لویس ئێنریكی به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ سارده‌ی له‌گه‌ڵ لیۆنێل مێسی ئه‌ستێره‌ی ئه‌رجه‌نتینی یانه‌ی بارسێلۆنا هه‌یبوو، بڕیاریدا له‌ بارسێلۆنا بڕوات. راگه‌یاندنكارێكی به‌ناوبانگی كه‌تالۆنیش ده‌ڵێت "ئێنریكی به‌ بڕیاری رۆیشتن بۆمبێكی TNT له‌نێو كامپ نودا چاندووه‌، له‌وانه‌یه‌ بته‌قێته‌وه‌و هه‌موو شتێك له‌ناوببات". 

به‌پێی ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ مێسی له‌ بارسا ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا گرتووه‌و نووسیویه‌تى "مێسی بووه‌ته‌ ئیمپراتۆر، به‌هێزترین پیاوه‌ له‌نێو بڕیار به‌ده‌سته‌كانی بارسادا، ته‌نانه‌ت ده‌توانێت ده‌سته‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ش بسه‌پێنێت". 

مێسی له‌ ئێنریكی به‌هێزتره‌
ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ كێشه‌كانی مێسی و ئێنریكی له‌دوای یاری بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان له‌ چامپیۆنزلیگدا سه‌ریان هه‌ڵدا، كاتێك بارسا به‌ 4 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر تووشی شكست بوو "مێسی له‌دوای ئه‌و یارییه‌ سه‌ركردایه‌تی گرووپێك له‌ یاریزانه‌ هاوڕێكانی كرد بۆ یاخیبوون له‌دژی ئێنریكی، چونكه‌ پێیوابوو راهێنه‌ر و پلانه‌ بێ كه‌ڵكه‌كانی هۆكاری ئه‌و شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ بوون، كه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ بتوانن له‌ یاری گه‌ڕانه‌وه‌دا قه‌ره‌بووی بكه‌نه‌وه‌".
ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ زیاتر له‌و باره‌وه‌ باس ده‌كات و ده‌ڵێت "له‌ كاتێكدا كه‌ مێسی له‌ هه‌وڵداندا بوو بۆ ده‌ركردنی ئێنریكی، ئه‌و راهێنه‌ره‌ هه‌ستی به‌وه‌كرد كه‌ كه‌س له‌ ده‌وروبه‌ری نییه‌ بۆ پاراستنی، ئه‌و له‌وه‌ تێگه‌یشت كه‌ ئیداره‌ی بارسا به‌ بارتۆمیۆی سه‌رۆكه‌كه‌یشه‌وه‌ به‌رگری لێیناكه‌ن، بۆیه‌ بڕیاریدا وازبێنێت بۆ ئه‌وه‌ی چیدی رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ و سووكایه‌تی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن نه‌بێته‌وه‌".


راهێنه‌ری تازه‌ی بارسا به‌ده‌ست مێسییه‌
یانه‌ی بارسێلۆنای ئیسپانی به‌دوای راهێنه‌رێكی تازه‌دا ده‌گه‌ڕێت، كه‌ وه‌رزی داهاتوو ئه‌و پۆسته‌ وه‌رگرێت، دوای ئه‌وه‌ی لویس ئێنریكی رۆیشتنی خۆی له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ راگه‌یاند. ئه‌شره‌ف بن عه‌یادی په‌یامنێری تۆڕی (بی ئێن سپۆرت)ی قه‌ته‌ری له‌ بارسێلۆنا به‌ پشتبه‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌كانی، ده‌ڵێت "كارگێڕی یانه‌كه‌ی كه‌تالۆنیا چاوه‌ڕێی ره‌زامه‌ندی یاریزانی تیپه‌كه‌ لیۆنێل مێسی ده‌كات، له‌سه‌ر راهێنه‌ری تازه‌ به‌ر له‌ دامه‌زراندنی". بن عه‌یاد له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی "راهێنه‌ری داهاتووی بارسێلۆنا دوای ره‌زامه‌ندی مێسی له‌سه‌ری، ئینجا ده‌ستنیشان ده‌كرێت". لیژنه‌یه‌ك به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكی یانه‌كه‌ جۆسپی ماریا بارتۆمیۆ، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌ن و لیستی پاڵێوراوه‌كان بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنی بلاوگرانا له‌ وه‌رزی داهاتوودا دیاری ده‌كه‌ن.

ئێنریكی TNT داناوه‌
لویس ماسكارۆ، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌ناوبانگترین راگه‌یاندنكارانی كه‌تالۆنیا، ره‌خنه‌ی له‌ بڕیاری وازهێنانی ئێنریكی گرت و رایگه‌یاند ئێنریكی خراپترین كاتی ده‌ستنیشانكرد بۆ وازهێنان و گوتی "ئێنریكی بۆمبێكی TNT له‌نێو ماڵى بلاوگرانادا چاند، كه‌ هه‌ر كاتێ بته‌قێته‌وه‌ هه‌موو شتێك وێران ده‌كات".
ماسكارۆ، كه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ هانده‌رێكی سه‌رسه‌ختی بارسێلۆنا و لیۆنێل مێسیه‌، له‌ وتارێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ كاتێكدا بارسا ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌ ئارامی و سه‌قامگیری هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی به‌هێز گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ نێو ململانێ له‌سه‌ر نازناوی لالیگا و یارییه‌كی گرنگ و زه‌حمه‌تی له‌پێشه‌ له‌ چامپیۆنزلیگدا، ئێنریكی بۆمبێكی زۆر مه‌ترسیداری له‌ ماڵی ئه‌و یانه‌یه‌دا چاند، كه‌ هه‌ر كاتێ بته‌قێته‌وه‌ هه‌موو شتێك له‌ناوده‌بات". ئه‌و راگه‌یاندنكاره‌ له‌و باره‌وه‌ زیاتر ده‌ڵێت "پێموایه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی ئێنریكی گه‌ڕانه‌وه‌ی بارسای له‌دژی پاریس سانجێرمان كرده‌ مه‌حاڵ، كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌بوو بارسا مێژوویه‌كی نوێ له‌و یارییه‌دا تۆمار بكات. هه‌روه‌ها كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپیشی به‌سه‌ر ململانێكردنی بارسا له‌سه‌ر نازناوی لالیگا دروست ده‌كات و له‌وانه‌یه‌ ریال مه‌درید سوود له‌و بڕیاره‌ی ئێنریكی وه‌ربگرێت و بارسا نه‌توانێت نازناوه‌كه‌ له‌ ریال مه‌درید وه‌ربگرێت". 
لویس ماسكارۆ، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "ئێنریكی گه‌مژه‌یه‌، ئه‌گه‌رنا چۆن به‌ 24 كاژێر رای خۆی ده‌گۆڕێت، كه‌ پێشتر گوتبووی له‌گه‌ڵ بارسا به‌خته‌وه‌رم، كه‌چی دوای ته‌نیا رۆژێك بڕیاری رۆیشتنی دا".

3 هه‌نگاو و 6 پاڵێوراو
یانه‌ی بارسا لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ره‌وشی راهێنه‌ری تازه‌ پێكهێناوه‌، كه‌ بریتین له‌ (جۆسیپ بارتۆمیۆی سه‌رۆكی یانه‌، جۆردی میستری جێگر، ئه‌لبێرت سولێر به‌ڕێوه‌به‌ری ناوچه‌ی وه‌رزشیی پیشه‌گه‌ریی و رۆبیرتۆ فێرنانێیزی به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشیی). ئه‌مه‌و لیژنه‌كه‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجام ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی لیستی پالێوراوه‌كان بۆ سه‌ركردایه‌تی بلاوگرانا له‌ وه‌رزی تازه‌ دیاری بكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ گوێره‌ی 3 هه‌نگاو ده‌بێت.
1 ـ دیاریكردنی شێوازی یاریكردن، كه‌ بارسێلۆنا ده‌یه‌وێ وه‌رزی تازه‌ یاری پێبكات.
2 ـ چاوخشاندن به‌ سه‌ربرده‌ی راهێنه‌ر و دڵنیابوون له‌ توانای پیاده‌كردنی شێوازی پێویست.
3 ـ دیاریكردنی لیستی پاڵێوراوه‌كان.
چوار پالێوراو له‌سه‌رووی ئه‌و لیسته‌ دێن، كه‌ یانه‌كه‌ ده‌یه‌وێ پشتی پێیان ببه‌ستێت، ئه‌وانیش ئیرنستۆ ڤالڤێردی راهێنه‌ری ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید، رۆناڵد كومان راهێنه‌ری ئیڤێرتۆنی ئینگلیزی، ئۆزیبیۆ ساكریستان راهێنه‌ری ریال سۆسیداد و خوام كارلۆس ئۆنزۆی یاریده‌ده‌ری ئێنریكی. پێشبینی ده‌كرێ لیسته‌كه‌ فراوانتر بكرێت و هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌رجه‌نتینی خۆرخی سامپاولی راهێنه‌ری سڤیلیا و ئه‌ڵمانی یۆرگن كلۆپی راهێنه‌ری لیڤه‌رپوولی ئینگلیزیش بگرێته‌وه‌. له‌ناكاو ناوێكی تازه‌ش له‌نێو پالێوراوه‌كان په‌یدا بوو، ئه‌ویش چاڤی هێرناندێزی كاپتنی پێشووی بارسا و ئه‌ستێره‌ی ئێستای سه‌دی قه‌ته‌رییه‌، كه‌ كۆمه‌ڵێك هانده‌ری بلاوگرانا له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، هه‌ڵمه‌تێكی ئه‌لیكترۆنی پاڵپشتیان بۆ پاڵاوتنی چاڤی بۆ ئه‌و پۆسته‌ به‌رپاكردووه‌.
كه‌ناڵی كواترۆ، تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌، كه‌ دروشمی "چاڤی راهێنه‌ر" هه‌ڵگرتووه‌و تویتی پشتیوانی له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ئاڵوگۆڕ كردووه‌، كه‌ تێیدا باس له‌ توانای مایسترۆ له‌سه‌ر رابه‌رایه‌تیكردنی تیپه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر كه‌سایه‌تی به‌هێزی و دیدی به‌رچاوی پلاندانانی، له‌وانه‌ش گرنگتر په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ هه‌موو یاریزانانی یانه‌كه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ ئه‌زموونیشی له‌ جیهانی راهێنه‌رایه‌تیدا نییه‌. پێده‌چێت بیرۆكه‌كه‌ واقیعی نه‌بێت، چونكه‌ چاڤی هێشتا یاری ده‌كات و هه‌نگاوه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی بوونه‌ راهێنه‌ریشی ده‌ست پێنه‌كردووه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی چاوی خستووه‌ته‌ سه‌ر یانه‌ى سه‌دی قه‌ته‌ری، له‌ سایه‌ی ئه‌و ململانێیه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی لخویا له‌سه‌ر نازناوی خولی ئه‌ستێره‌كانی قه‌ته‌ر له‌و وه‌رزه‌دا هه‌یه‌تی. 
چه‌ندین ناوی دیكه‌ش بۆ راهێنه‌رایه‌تی بارسا پاڵێوراون، له‌وانه‌ رۆناڵد كۆمانی هۆڵه‌ندی، ماوریسیۆ پۆكیتینۆی ئه‌رجه‌نتینی و ئارسین ڤینگه‌ری فه‌ره‌نسی، ئه‌گه‌رچی ده‌رفه‌تیان له‌چاو ڤالڤێردی و سامپاولی زۆر كه‌متره‌. به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ چاڤی ببێته‌ یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر، ئه‌گه‌ر بڕیار بدات كۆتایی به‌ كاروانی وه‌رزشیی خۆی له‌ قه‌ته‌ر بێنێت.

له‌به‌ر خاتری ژنه‌كه‌ی وازی له‌ بارسا هێنا
ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی كه‌تالۆنیا دووپاتیان كرده‌وه‌، ئیلینا كولیل ژنی لویس ئێنریكی به‌هێزترین هۆكاری بڕیاری رۆیشتنی مێرده‌كه‌ی بووه‌ له‌ راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ كۆتایی وه‌رزدا، داواشی له‌ ئێنریكی كردووه‌ به‌ یه‌كجاری له‌ پیشه‌ی راهێنه‌رایه‌تی دووركه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ پێشه‌یه‌كی زۆر قورسه‌ و فشاری زۆری تێدایه‌. لوتچۆ له‌وه‌ته‌ی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ بارسا كردووه‌، ژیانی تایبه‌تی خۆی زۆر فه‌رامۆش كردووه‌و زۆربه‌ی كاته‌كان له‌ بنكه‌ی خوان گامبره‌ بۆ راهێنان یان خوێندنه‌وه‌ی ركابه‌رانی، ئیلیناش زۆر به‌و ژیانه‌ رازی نییه‌، له‌و كاته‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵكی چاوه‌ڕێی ناسنامه‌ی راهێنه‌ری تازه‌ی بارسێلۆنان، به‌دواداچوونی دیكه‌ له‌ رووگه‌ی داهاتووی ئێنریكی ده‌پرسن، كه‌ بێگومان چه‌ندین گرێبه‌ستی له‌ یانه‌كانی ئیسپانیا و ئه‌وروپا پێشكه‌ش ده‌كرێ و چاوه‌ڕێی بڕیاری كۆتایی ئه‌و ده‌كرێ.

لوتچۆ زۆر پارێزگاره‌و كه‌س ئاگای له‌ ژیانی تایبه‌تی نییه‌
ئێنریكی به‌ یه‌كێك له‌ پارێزگارترین كه‌سایه‌تییه‌ وه‌رزشییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ژیانی تایبه‌تی خۆی داده‌نرێت، ئه‌و زۆر به‌ كه‌می له‌ گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت، له‌گه‌ڵی ئاماده‌ی ئاهه‌نگی به‌كۆمه‌ڵه‌كانی یانه‌ی بارساش نابێت، مه‌گه‌ر زۆر به‌ كه‌می نه‌بێت. پێده‌چێت لوتچۆ نه‌یه‌وێ هاوسه‌ره‌كه‌ی بخزێنێته‌ نێو كێشه‌كانی تۆپی پێوه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی هه‌ر خۆی كه‌سێكی پارێزگاره‌، هه‌تا بێ گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ ژیانی هاوسه‌ریی. ئێنریكی ئه‌و ده‌مه‌ی یاریزانیش بوو رقی له‌ ده‌ركه‌وتنی میدیاكان بوو، ته‌نیا له‌ حاڵه‌تی زۆر پێویست نه‌بووایه‌، هه‌روه‌ها به‌ روونیش وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسان ده‌داته‌وه‌، نه‌ریتی وایه‌ له‌ وه‌ڵامه‌ كورته‌كانیدا شتی شاراوه‌ به‌دی ده‌كرێت.

بیر له‌ وه‌به‌رهێنان له‌ پایسكلسواری ده‌كاته‌وه‌
به‌ گوێره‌ی كه‌سانی نزیك له‌ راهێنه‌ره‌كه‌ی بارساوه‌، ئێنریكی بیر له‌ وه‌به‌رهێنان له‌ یانه‌یه‌كی پایسكلسواری له‌ شاری بارسێلۆنا ده‌كاته‌وه‌، به‌وه‌ ناسراوه‌ زۆر شه‌یدای ئه‌و وه‌رزشه‌یه‌، كه‌ هه‌موو رۆژانی پشووی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ هاوڕێی ئه‌نجامی ده‌دات، بێجگه‌ له‌وه‌ی به‌شداری له‌ چه‌ندین ركابه‌ری ناوخۆیی ئه‌و وه‌رزشه‌دا كردووه‌، به‌ مه‌به‌ستی تاقیكردنه‌وه‌ی كه‌شوهه‌واكه‌ی له‌گه‌ڵ پیشه‌گه‌رانی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ فشاره‌كانی تۆپی پێوه‌، له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا لوتچۆ زنجیره‌یه‌ك چێشتخانه‌ له‌ ئیسپانیا ده‌كاته‌وه‌، هاوشێوه‌ی زۆربه‌ی یاریزانی دیكه‌، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ فه‌رمی له‌ ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی دووركه‌وێته‌وه‌.