هەڵبژاردەی قەتەر لە ئێرانی بردەوە

رووداو دیجیتاڵ 

هەڵبژاردەی قەتەر بۆ جاری دووەم لەسەریەک، گەیشتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، دوای ئەوەی بردنەوەیەکی زەحمەتی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بەسەر هەڵبژاردەی ئێران تۆمارکرد.
 
یارییەکە لە یاریگەی سومامە بەڕێوەچوو، 40 هەزار هاندەر ئامادەی دووەم یاریی قۆناخی پێش کۆتایی پاڵەوانیێتییەکە بوون.
 
سەرەتا لە خولەکی 4 سەردار ئەزموون گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی ئێران تۆمارکرد، بەڵام زۆری نەبرد لە خولەکی 17، جاسم جابر ئەنجامەکەی بۆ قەتەر یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
پێش کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی نیوەی یەکەم بە دوو خولەک، ئەکرەم عەفیف، ئەنجامەکەی بۆ قەتەر دووهێندە لێکرد و گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی قەتەرییەکان کۆتاییهات.
 
خولەکی 51 عەلیڕەزا جیهانبەخش، بە لێدانی سزا گۆڵی دووەمی ئێرانی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ ئێران یەکسان کردەوە.
 
موعیز عەلی، لە خولەکی 84 ئێرانی بێهیوا کرد، کاتێک گۆڵی سێیەمی بۆ قەتەر تۆمارکرد، لە خولەکی 93 شوجاع خەلیلزادە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و ئەرکی ئێران بەتەواوی زەحمەت بوو.
 
یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە بەرژەوەندیی قەتەر کۆتاییهات، ئێران ماڵئاوایی لە جامی ئاسیا کرد، کە 48 ساڵە نەگەیشتووەتە یاریی کۆتایی.
 
قەتەر دووەمجاری لەسەریەک دەگاتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، رۆژی شەممە کاژێر 18:00 لە یاریگەی لوسەیل بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن یاریی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی ناسناوەکە.