ڤیدیۆ؛ راهێنەری ئوردن بۆ رووداو نهێنی گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

حوسێن عەموتە، راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن، لە رێگەی رووداوەوە نهێنی سەرکەوتنیان بۆ یاریی کۆتایی جامی ئاسیا ئاشکرا دەکات.
 
راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن، دوای ئەوە دەستکەوتێکی مێژوویی تۆمارکرد و بووە یەکەم راهێنەر هەڵبژاردەکە بباتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی "سوپاس بۆ خوا ئەمە بە کۆششی هەمووان بوو، دەستەی هونەری و یاریزانان، کە ئەوان چەکی ئێمەن لەنێو یاریگەدا، من لە هەموو لێدوانەکاندا دووپاتمان کردووەتەوە کە دەبێت سەرنجێکی وردمان هەبێت، هەروەها رێخکراویی تەکتیکی پێویستە."
 
لەبارەی نهێنی بردنەوەیان لە هەڵبژاردەی کۆریای باشوور و سەرکەوتنیان بۆ یاریی کۆتایی عەموتە گوتی "هێڵی هێرشبردنێکی بەهێزمان هەیە، زۆر خێرایە، پێموایە نهێنی ئەم سەرکەوتنەمان ئەوەبوو کە نابێت زیاتر لە پێویست رێز لە رکابەرت بگری، زیاتر لە مافی خۆی پێنەدرێت، ئەوە متمانەی پێداین."
 
راهێنەری ئوردن زیاتر قسەیکرد و دەڵێت "بێگومان بەپێی ئامارەکان کۆریا لە پێنج یارییدا هەشت گۆڵی لێکرابوو، بۆیە دەبووایە ئێمە لە هێرشبردن گوشاریان بخەینە سەر بۆ ئەوەی گۆڵ بکەین، سەرکەوتن بەدەستدێت ئەگەر دەستپێشخەربین بۆ بردنەوە. لە نیوەی یەکەمدا زیاتر لە دەرفەتێکمان لەدەستدا، بەڵام لەنیوەی دووەم بەس بوو بۆ ئەوەی دوو گۆڵ بکەین. بەرگریشمان باشبوو، کە سەرەڕای بەهێزیی تیپی بەرامبەر سوپاس بۆ خوا گەیشتینە یاریی کۆتایی."
 
حوسێن عەموتە، 17 ساڵە کاری راهێنەرایەتیی دەکات، یەکەمجارە راهێنەرایەتیی تیپی یەکەمی هەڵبژاردەیەک وەردەگرێت و بووە یەکەم راهێنەر هەڵبژاردەی ئوردن بگەیێنێتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا.