لێدوانی راهێنەری ئێران لەبارەی دەستنیشانکردنی ناوبژیوانێکی عەرەب بۆ یارییەکەیان بەرامبەر قەتەر

07-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەمیر قەلعەنویی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمیر قەلعەنویی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران، ئامادەیی هەڵبژاردەکەی بۆ یاریی ئەمڕۆیان بەرامبەر قەتەر راگەیاند و لە دەستنیشانکردنی ناوبژیوانێک عەرەب بۆ یارییەکەیان ناڕازییە.
 
قەلعەنویی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "پێکهاتەی ئێستای هەڵبژاردەکەمان نمایشی کۆتایی دەبێت بۆ بەشێکی یاریزانەکان، ئەوان پێویستە سوود لەم هەلە وەربگرن، بۆ بردنەوەی نازناوەکە."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران دەڵێت "لە گرنگی و بەهێزی یارییەکە تێدەگەین، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە قەتەر ببەینەوە و بگەینە یاری کۆتایی."
 
ئەمیر لەبارەی پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەکەیەوە گوتی " بێگومان گۆڕانکاری لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکەدا دەکرێت، بەڵام وەک لە یارییەکانی رابردوودا بینیمان ئاستی هەموو یاریزانەکان وەک یەکە، بۆیە ئەمە کاریگەریی لەسەر تیپەکە نابێت، ئێمە قوڵایەکی زۆرمان لە پێکهاتەکەدا هەیە."
 
لەبارەی دەستنیشانکردنی ئەحمەد عەلی، ناوبژیوانی کوێتی، بۆ بەڕێوەبردنی یاریی نێوان ئێران و قەتەر پرسیار لە راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران کرا.
 
ئەمیر قەلعەنویی لە وەڵامدا گوتی "لە راستیدا پرسیارەکەت لەبارەی ناوبژیوانی یارییەکەوە پرسیارێکی هونەرییە، پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا ئەو بڕیارەیداوە، چاودێر و هەموو ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە یارییەکەوە هەیە دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، سەبارەت بە کاتی پشوودان بەڵێ ئێمە بەر لە یارییەکەی بەرامبەر ژاپۆن کێشەمان هەبوو کە تەنیا 72 کاژێر پشوومان وەرگرت بەر لەو یارییە."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت "دەتوانم یەوەش بڵێم کە ڤار زۆر میهرەبان نەبووە لەگەڵمان، دیمەنێک هەبوو لە یارییەکەدا دەکرا بکرێتە لێدانی سزا بۆ سەردار ئەزموون کە لەلایەن ڤارەوە پێداچوونەوەی بۆ نەکرا، بەڵام دەبێت بەهێزتربین لە هەموو ئەو شتانەی لە پاڵەوانێتییەکەدا روودەدەن."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە