کلینسمان هۆکاری پێکەنینەکەی دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر ئوردن ئاشکرا دەکات

07-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یۆرگن کلینسمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یۆرگن کلینسمان، راهێنەری کۆریای باشوور، راهێنەری هەڵبژاردەی کۆریای باشوور، هۆکاری پێکەنینەکەی لە دوای کرانە دەرەوەیان لە جامی ئاسیا ئاشکرا دەکات و رەتیدەکاتەوە بیر لە وازهێنان لە کارەکەی بکاتەوە.
 
کلینسمان، لە دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن و ماڵئاواییکردنیان لە رکابەرییەکانی جامی ئاسیا، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانەدا لەبارەی ئەوەی بیر لەوە دەکاتەوە دەستلەکاربکێشێتەوە؟ گوتی " پلانم نییە شتێکی لەو شێوەیە بکەم و وازبهێنم، پلانم هەیە شیکردنەوە بۆ ئەوە بکەم کە لە پاڵەوانێتییەکەدا چی روویدا، لەگەڵ تیپەکەش دەگەڕێمەوە کۆیاریی باشوور."
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکەی کۆریای باشوور زیاتر گوتی "بەدڵنیاییەوە لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێ قسە دەکەم سەبارەت بە سوودەکان و زیانەکانی پاڵەوانێتییەکە، بەڕای من چەندین سوودمان لێی بینی، بەو پێیەی تیپەکە دەستی بە گەشەکردن کرد و تیپەکە هێشتا لەو پرۆسەیەدایە، قۆناخی گەشەکردن و پێشکەوتن لەپێناو رکابەریکردن لە جامی جیهانیدا دوای دوو ساڵ و نیوی دیکە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، گەیشتن بەو پاڵەوانێتییەکە زۆر زەحمەت دەبێت، بۆیە هەوڵ و کارێکی زۆرمان لەپێشە و جگە لەوە بیر لە هیچ شتێکی دیکە ناکەمەوە."
 
لە دوای دۆڕانەکەیان و کرانە دەرەوەیان لە جامی ئاسیا، دەرکەوتنی کلینسمان بە پێکەنینەوە هاندەران و میدیای کۆریایی باشووری تووڕەکرد، راهێنەری کۆریا لەو بارەیەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت "هەست بە بێزاری و تۆڕەیی زۆر دەکەم، چونکە دەبووایە ئاستێکی باشترمان پێشکێشکردبا، بۆچوونەکانم لە کۆبوونەوەی بەر لە یارییەکە روون بوون و سەرەتا دەمانویست مامەڵەیەکی تاکتیکی لەگەڵ یارییەکەدا بکەین، تیپەکە 20 تاوەکو 30 خولەکی سەرەتا ئامادەنەبوو، بۆیە دەرکەوتنم بەو شێوەیە رێز بۆ ئوردن، چونکە ئەوان باشتربوون و دەیانویست سەرکەوتن بەدەستبهێنن."
 
کلینسمان ستایشی ئاستی هەڵبژاردەی ئوردن و دەکات و دەڵێت " دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە دەستخۆشیم لە راهێنەرەکەیان کرد و زەردەخەنەم بۆی کرد، چونکە بینیم پیرۆزباییکردن شتێکی گەورە نییە، بەڵام دوای ئەوە بە زەردەخەنەوە نەگەڕام، بەڵام هۆکار هەیە بۆ دۆڕاندنی یارییەکە و دەبێت ئەو هۆکارانە قبوڵ بکەین، لایەنی بەرامبەر زیاتر لە ئێمە لە یاریگەدا ئامادەبوو، بۆیە ناچاربووین رێزیان لێبگرین."
 
کۆریای باشوور لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیا، بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئوردن دۆڕا و ماڵئاواییکرد، ئوردنییەکان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیشتنە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە