کریستیان ئاتسو دوای 24 کاژێر مانەوە لەژێر داروپەردووی بوومەلەرزەدا رزگارکرا

07-02-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیان ئاتسو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کریستیان ئاتسو، یاریزانی غانا و یانەی هاتایسپۆری تورکی، دوای زیاتر لە 24 کاژێر مانەوە لە ژێر داروپەردووی بوومەلەرزەدا، بە زیندوویی رزگارکرا.
 
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، کریستیان ئاتسو، یاریزانی یانەی هاتایسپۆر، لەژێر داروپەردوودا بە زیندوویی دۆزرایەوە و رزگارکرا، لەکاتێکدا لە ماوەی زیاتر لە 24 کاژێری رابردوو دوای بوومەلەرزەکەی پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان.
 
کریستیان ئاتسو، تەمەنی 31 ساڵە و پێشتر لە یانەکانی پۆرتۆی پۆرتوگالی، چێڵسی، ئێڤێرتۆن، بۆرنمۆوس، نیوکاسلی ئینگلیزی و مالاگای ئیسپانی یارییکردووە، لە ساڵی 2022 پەیوەندیی بە یانەی ئاتایسپۆری تورکی کردووە، لە دوایین یاریی یانەکەیشیدا کە رۆژێک بەر لە بوومەلەرزەکە ئەنجامدرا، گۆڵی بردنەوەی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
 
سەرچاوەکان هەواڵی رزگارکردنی یاریزانەکەیان وەک مژدەیەکی خۆش بۆ یانەکە و هاندەرانی تۆپی پێ راگەیاند و بە زیندوویی یاریزانەکە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
یانەی چێڵسیی ئینگلیزی، لە راگەیێنراوێکدا هاوسۆزیی خۆی بۆ یاریزانی پێشووی، کریستیان ئاتسو، ئەستێرەی ئێستای یانەی هاتایسپۆری تورکی نیشاندا، کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستاندا، لەژێر داروپەردووی پاشماوەکانی بوومەلەرزەدا گیری خواردبوو و نووسرابوو هەموومان نزات بۆ دەکەین.
 
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، دوو یاریزانی دیکەی هاوڕێی ئاتسو لە یانەی هاتایسپۆر، هەریەک لە بوراک ئۆکسۆز و بێرتوگ یەڵدرم و هەروەها دوو ئەندامی دیکەی ستافی راهێنەرایەتی تیپەکەش رزگارکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە