لویس ئێنریکی لە وەرگرتنی راهێنەرایەتی چێڵسی نزیکبووەتەوە


رووداو - هەولێر

لویس ئێنریکی، راهێنەری پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی ئینگلیزی و جێگرتنەوەی ئەنتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری ئەو یانەیە نزیکبووەتەوە.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا وێنەیەکی ئێنریکیی داناوە و بە گەورەیی نووسیوویەتی"بۆمب لویس ئێنریکی"، هەروەها راشیگەیاندووە، گفتوگۆییەکانی ئەو راهێنەرە لەگەڵ یانەی چێڵسی بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە هەنگاوی باشیان ناوە و ئێنریکی لە وەرگرتنی پۆستەکە نزیکبووەتەوە.



سپۆرت ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە سەردەمی کۆنتی لەگەڵ یانە لەندەنییەکە لە کۆتاییهاتن نزیکبووەتەوە، بەتایبەت بەهۆی ئەو ئەنجامانەی یانەکە لە ماوەی رابردوودا بەدەستیهێناون، جگە لە ئێنریکیش ماوریسیۆ ساری، راهێنەری یانەی ناپۆلی ئیتاڵیش یەکێکی دیکەیە لە پاڵێوراوەکان بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانە ئینگلیزییەکە، بەڵام ئەو راهێنەرە لە وەرگرتنی ئەو پۆستە دوو دڵە.