رووداو هەولێر
محەممەد سامی ناسراو بە حەمە ئیتۆ، ئەستێرەی کوردی یانەی جەوییە ئاشکرایکرد، لەگەڵ تیپەکەی ئاسوودەیە و تەنیا دەستەوارەیەکی پیشەگەرانە بۆ چوونە دەرەوەی عێراق، وای لێدەکات گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.
محەممەد سامی، لە لێدوانێکی تایبەت بەرووداو رایگەیاند، "زۆر ئاسوودەم لە یانەی جەوییە و گرێبەستم بۆ ماوەی دوو وەرز واژۆکردووە، لە رۆژانی یاری و یەکەی راهێنانەکانم لەلایەن لوئەی سەڵاحی راهێنەر و هاوڕێکانمەوە هەست بەڕێزی زۆر دەکەم".
ئەو ناوەڕاستکارە ئاشکرایکرد، "یانەی زەورا وەک یانەیەکی بەنێوبانگ و چەند یانەیەکی دیکە، داوای گرێبەستیان لێکردووم، بەڵام من پابەندم بە تیپەکەی خۆمەوە".
حەمە ئیتۆی 27 ساڵ، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی جەوییە بۆ ماوەی دوو ساڵە. ئەمساڵ لە دە یاریی یانەکەیدا بەشێوەی سەرەکی یارییکردووە.
ئەو یاریزانە، پێشتر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یاریی بۆ یانەی هەولێر کردووە، دواتر سێ وەرز ئاستێکی بەرزی لەگەڵ یانەی نەورۆز پێشکێشکرد و 15 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکرد، ئەمساڵیش بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە یەکێکە لەو یاریزانانەی هاندەران داوا دەکەن ببرێتە ریزی هەڵبژاردەی عێراق.
محەممەد سامی، ئاشکرایکرد کە "خەون و ئامانجی سەرەکیی لەگەڵ یانەی جەوییە، بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقە".
ئەوەشی روونکردەوە کە ئامانجی داهاتووی دەرکەوتنە بەدرێسی هەڵبژاردەی عێراقەوە و لەبارەی ئەگەری بەجێهێشتنی یانەی جەوییەشەوە، دەڵێ، "جارێ بۆ یاریکردن لەناوخۆی عێراق تەنیا جەوییە ماڵی منە، ئەگەر بۆ داهاتوو گرێبەستم لە یانەیەکی بەنێوبانگی دەرەوە بۆ هات ئەوکات یانەکە جێدەهێڵم، چونکە تەنیا بەمەرجی بوونی دەستەوارە لە دەرەوەی عێراق، دەتوانم پێش تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەم، لە یانەی جەوییە بڕۆم".
حەمەئیتۆ، لە خولی نایابی کوردستانیش پێشتر، لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر دووجار نازناوی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێناوە، هەر لەو خولەدا یاری بۆ یانەکانی کەرکووک، هەندرێن و برایەتی کردووە.
یانەی جەوییە بە کۆکردنەوەی بیست و حەوت خاڵ، پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، هەریەک لە محەممەد سامی، عەلی شاخەوان لەگەڵ هیران ئەحمەد سێ یاریزانی کوردن لە تیپەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ