رووداو دیجیتاڵ
ڤێرجل ڤان دایک، بەرگریکەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، هاوشێوەی محەممەد سەڵاحی ئەستێرە ئەو یانەیە، مشتومڕی لە نێو هاندەرانی یانەکە دروستکرد، ئاشکرایکرد پێناچێت گرێبەستەکەی لەگەڵ رێدز نوێبکاتەوە.
ڤان دایک، هاوشێوەی هەریەکە لە سەڵاح و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت، بەڵام تاوەکو ئێستا یانەکە هەنگاوی بەئاراستە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە نەناوە.
ڤان دایک، کاپتنی لیڤەرپوول، لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەڤانان لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی نوێ لە ئارادا نییە.
لەبارەی ئەگەر و نزیکیی رێکەوتن لەگەڵ یانەکە بۆ بەردەوامبوونی لە ریزەکانی بلووز، ئەو بەرگریکەرە هۆڵەندییە گوتی، "پێموانییە، بەڵام من ئارامم و وەک بەر لە مانگێک گوتم، چاوەڕێم بزانم لە داهاتوودا چی روودەدات".
تاوەکو ئێستا کارگێڕیی لیڤەرپوول، هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی چارەنووسی ئەو سێ یاریزانەوە ئاشکرانەکردووە کە لە ئێستاوە دەتوانن دانوستاندن لەگەڵ هەر یانەیەک بکەن، تاوەکو لە هاوینی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵدا بکەن.
ڤان دایک دەڵێ، "هیچ هەواڵێکی گۆڕانکاریم لەبارەی گرێبەستەکەمەوە پێ نییە، هەموو بابەتەکە ئەوەیە کە من چاوم لەسەر یاریی چوارشەممەیە بەرامبەر تۆتێنهام لە کاراباو کەپ، ئێمە یارییەکی دیکەی قورس ئەنجامدەدەین، بەڵام قۆناخەکە هەستیارە و ئامادەین".
لیڤەرپوول لە دۆخێکی ناوازەدا دەژی، لەپاش دەستبەکاربوونی ئارنی سلۆت بەڕاهێنەری نوێی یانەکە، ئەو تیپە ئاستێکی خەیاڵیی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان پێشکێشدەکات و بە 46 خاڵ و بەجیاوازیی شەش خاڵ لەگەڵ ئارسیناڵ، پێشەنگی پرێمەرلیگی گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ