مان یونایتد بە هۆکارێکی سەیر لە گرێبەستی ڤێرنەر پاشگەزدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بە هۆکارێکی سەیر لە گرێبەستی تیمۆ ڤێرنەر، یاریزانی ئەڵمانی و ئەستێرەی یانەی لایپیگ کشاوەتەوە و نەیگواستووەتەوە یانەکە.
 
ڤێرنەر بە خواستن تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە پەیوەندی بە یانەی تۆتێنهام هۆتسپێرس دەکات، دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنەکە یانە ئینگلیزییەکە دەتوانێت بە بڕی 18 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی یاریزانەکە بکاتە هەمیشەیی، بەڵام مەرج نییە ئەو کارە بکات و دوای تەواوبوونی  ماوەی خواستنەکە، تۆتێنهام دەتوانێت کۆتایی بە گرێبەستەکە بهێنێت. 
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی ئیتاڵی باوەڕپێکراو لەبارەی گرێبەستەکەی ڤێرنەر دەڵێت "پێموایە گرێبەستێکی زیرەکانەیە، ڤێرنەر زۆر برسییە و ئەم گرێبەستە وەک دەرفەتێکی ناوازە سەیر دەکات".
 
فابریزیۆ زیاتر دەڵێت "یانەی مانچێستەر یونایتد بیری لە گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە کردەوە، بەڵام دواتر کشانەوە بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا روون نییە کە یانەکە دەیەوێت چ جۆرە یاریزانێک بگوازێتەوە".
 
دوای قسەکانی رۆژنامەڤانە ئیتاڵییەکە، بەشێکی هاندەرانی مانچێستەر یونایتد تووڕەیی خۆیان بەرامبەر یانەکەیان پێشاندا و باس لەوە دەکەن کە چۆن دەکرێت لە کاتێکدا بازاڕی زستانەی یاریزانان دەستی پێکردووە و یانەیەکی گەورەی وەک مانچێستەر یونایتد "هێشتا نازانێت کە چ جۆرە یاریزانێك بگوازێتەوە".
 
تیمۆ ڤێرنەر، لەم وەرزەدا لەگەڵ لایپزیگ بەشداری لە 14 یاریدا کردووە و دوو گۆڵ و ئاسیستێکی هەیە.