"ئێمباپێ درۆ دەکات"

رووداو دیجیتاڵ

 

دەیڤید دۆیلێت، پاڵەوانی ئۆڵۆمپیی فەرەنسا و سیاسەتمەداری ئێستا پێیوایە کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری پاریس سانجێرمان درۆ دەکات بۆ ئەوەی تیپەکەی بپارێزێت.
 
ئێمباپێ لەم دواییانەدا رایگەیاند کە تاوەکو ئێستا بڕیاری خۆی سەبارەت بە چارەنووسی وەرزی داهاتوو نەداوە، ئەمەش لەبەر رۆشنایی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید.
 
دۆیلێت لە لێدوانێکدا کە میدیاکانی فەرەنسا، بڵاویانکردووەتەوە، گوتی "بێگومان ئێمباپێ بڕیاری خۆی داوە، بەڵام درۆ دەکات بۆ پاراستنی تیپەکەی، کە یاری بۆ دەکات و تاوەکو مانگی حوزەیرانی داهاتوو لەگەڵیدا دەمێنێتەوە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەمڕۆ ئێمباپێ بڕیارەکەی رابگەیەنێت، مەترسی داڕووخانی تیپەکەی هەیە، مەترسی ناسەقامگیری هەیە، ئەمەش کارێکی خراپە.
 
ئەو سیاسەتمەدارە فەرەنسییە، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "دڵنیام ئێمباپێ دەڕوات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تاوەکو ئێستا بڕیارەکەی رانەگەیاندووە و ئەگەر پلانی مانەوەی هەبووایە پێشتر پشتڕاستی دەکردەوە".
 
ماوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت، بەڵام ئێستا دەتوانێت دانوستاندن بۆ گرێبەستکردن بەبێبەرامبەر لەگەڵ هەر یانەیەک بکات.